قسەكانی قوباد تاڵەبانی لەبارەی غازەوە، لە قسەی مەسرور بارزانی جیاوازبوو

قوباد تاڵەبانی، لە كۆڕبەندەكەی یۆناندا بەشێوەیەك باسی غازی هەرێمی كوردستان و بوونە سەرچاوە بۆ وڵاتانی دیكە كرد، كە لە قسەكانی مەسرور بارزانی لە دوبەی لەبارەی هەمان پرسەوە جیاوازە.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆڕبەندی ئابوریی دێڵفی لە یۆنان لەبارەی پرسی غازەوە قسەیكرد، نەیشاردەوە كە هەرێمی كوردستان دەتوانێت پێویستیی غازی چەند وڵات و ناوچەیەكی جیهان پڕبكاتەوە، بەڵام چەند پێشمەرجێكیشی دیاریكرد بۆ ئەگەرێكی لەو شێوەیە.

جێگری سەرۆكی حكومەت نەیشاردەوە كە “ئێمە لە هەرێمی کوردستان خاوەنی یەدەگی گەورەی نەوتین، هیچ گومانی تێدا نییە هەرێمی کوردستان دەتوانێت بارگرانیی قەیرانی گاز لە چەندین ناوچەی جیهان چارەسەر بکات، بەڵام بەر لەهەموو شتێک دەبێت چارەسەری ناکۆکیی سیاسی بکرێت لەنێوان بەغداد و هەولێر و ئەوەی پەیوەندیدارە بە وزە و نەوت و غازەوە چارەسەر بکرێن”.

قوباد تاڵەبانی بڕیارەكەی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵیشی لەبارەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە بە هۆكار زانی بۆ پێویستیی ڕێككەوتنی هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ لەبارەی پرسەكانی نەوت و غازەوە.

ئەو قسانەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە قسەكانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت جیاوازە، كە لە كۆڕبەندێكی دوبەی باسی لە غازی هەرێمی كوردستان كرد.

ئەوكات مەسرور بارزانی هیچ ئاماژەیەكی بە پێویستیی ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد نەكرد وەك پێویستییەك بۆ ناردنی غاز بۆ دەرەوە بە بێ دروستبوونی گرفت و كێشە، لەكاتێكدا لەئێستادا پرسی نەوت و گرێبەستە نەوتییەكان لەنێوان هەولێر و بەغداد بووەتە كێشە.

بۆیە قوباد تاڵەبانی، پێچەوانەی مەسرور بارزانی، پێیوایە ئەگەر ویستێك هەبێت بۆ ئەوەی غاز هەناردەی وڵاتان بكرێت، پێویستە لەگەڵ بەغداد ڕێككەوتنی لەبارەوە بكرێت، تا كێشەی دیكە بۆ هەرێمی كوردستان دروستنەبێت.

بابەتی پێشتر

خۆپیشاندان لە بەغداد دەستیپێكرد

بابەتی دواتر

هۆکارەکانی ویستی زۆر بۆ نوستن ڕاستەوخۆ دوای ڕۆژووشکاندن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share