سالمۆنێلا چییە کە بەشێک لە وڵاتان بەرهەمەکانی کیندەریان بەهۆیەوە ڕاگرتووە؟

پێش زیاتر لە هەفتەیەک بەریتانیا کشانەوەی بەرهەمەکانی کیندەر جۆی یان هێلکەشانسی لە جۆری كیندەری ڕاگەیاند کە بەرهەمی کۆمپانیای “Ferrero”یە، بەهۆی گومان لە هۆکاری تووشبوونی ژمارەیەک لە منداڵانی وڵاتەکە بە بەکتریای سالمۆنێلا.

دوای بەریتانیا وڵاتانی فەرەنسا، بەلجیکا، ئێرلەندا، ئەڵمانیا و سوید کشانەوەی بەرهەمەکانی کیندەر جۆی-یان لەبەر هەمان هۆکار ڕاگەیاند، لەگەڵ ئەوەشدا هەریەکە لە سعودیە و ئیمارات هۆشدارییان لە بەکارهێنانی بەرهەمەکە دا.

وتەبێژی ئاژانسی تەندروستیی بەریتانیا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، 63 حاڵەتی تووشبوون بە سالمۆنێلایان تۆمارکردووە.

لە فەرەنساش ناوەندی نیشتمانی بۆ نەخۆشیی سالمۆنێلا تۆمارکردنی 21 حاڵەتی تووشبوون بەو بەکتریایەی ڕاگەیاند، 15 لەوانەی تووشبوون باسیان لەوە کردووە کە پێشتر بەرهەمەکانی کیندەریان خواردووە، تێکڕای تەمەنی تووشبووانیش چوار ساڵە.

وتەبێژی کۆمپانیای Ferreroی بەرهەمهێنەری کیندەر ئاماژەی بەوە کردووە، لە فەرەنسا سەدان تۆن لە بەرهەمەکانیان کشاندووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ گومانێک لە بەرهەمەکانیاندا نەبووە و هیچ بەکارهێنەرێکیش سکاڵای تۆمارنەکردووە.

بەکتریای سالمۆنێلا چییە؟

سالمۆنێلا نەخۆشییەکی بەکتیرییە، تووشی ڕیخۆڵەکانی ئاژەڵ و مرۆڤ دەبێت، مرۆڤ لەڕێگەی ئاو و خۆراکی پیسبوو بەو بەکتریایەوە لەڕێگەی دەمەوە تووشدەبێت.

بەکتریای سالمۆنێلا شێوە چیلکەیین و زۆربەیان قامچیان هەیە کە یارمەتی جووڵەیان دەدات، زیاتر لە دوو هەزار و 500 جۆر بەکتریای سالمۆنێلا هەن، بەڵام زۆرینەی ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشیی سالمۆنێلا دەبن بەهۆی جۆرێکی سالمۆنێلایە پێیدەوترێت Salmonella enterica، بە نزیکەیی هەر ساڵێک دەیان ملیۆن حاڵەتی تووشبوونی مرۆڤ بە سالمۆنێلا ڕوودەدات لە سەرانسەری جیهاندا.

ماوەی گەشەی بەکتریاکە لە جەستەی مرۆڤدا وەک خانەخوێ لەنێوان دوو بۆ حەوت ڕۆژ دەبێت.

شارەزایان ئەم جۆرە نەخۆشییە بە ئەنفلۆنزای گەدە ناودەبەن “کە دەبێتە هۆی هەوکردنی گەدە و ڕیخۆڵەکان”.

نیشانەکانی نەخۆشییەکە، دڵتێکهەڵاتن و ڕشانەوە، ڕەقبوونی ماسوولکەکانی سک، سکچوون، تا، گرژبوونی پێست، سەرئێشە و بوونی خوێن لە پیسایی.

بابەتی پێشتر

كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ئەنچیلۆتی پێش یارییەكەی خیتافی

بابەتی دواتر

لێدوانی گواردیۆلا پێش ڕووبەڕووبونەوەی لیڤەرپوڵ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share