چەند ڕێنماییەک بۆ تێپەڕاندنی خەواڵوویی بەهار

لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهاردا، ئەگەر بەبێ هۆکار هەست بە بێهێزی و ماندوویی دەکەیت، ڕەنگە “خەواڵوویی بەهار”ت هەبێت. بەڵام خەمت نەبێت، ئەمانەی خوارەوە چەند ڕێنماییەکن بۆ تێپەڕاندنی ئەو حاڵەتە.

زانایان لایانوابووە، هۆکاری ئەم دۆخە کەمبوونەوەی ڤیتامینەکانی جەستە بێت لە زستاندا، کە دواتر دەرئەنجامەکەی لە بەهاردا دەردەکەوێت،  بەڵام بەپێی پێگەی “Techniker”ی ئەڵمانی، هۆکارێکی دیکە هەیە.

“خەواڵوویی بەهار” هۆکارەکەی ناهاوسەنگیی نێوان هەردوو هۆرمۆنی میلاتۆنین(هۆرمۆنی نوستن) و سیرۆتۆنین(هۆرمۆنی دڵخۆشی)ە.

کاری میلاتۆنین فەراهەمکردنی نوستنێکی تەندروست و گونجاوە لە شەواندا، لە کاتێکدا سیرۆتۆنین بەرپرسیارە لە ئاسوودەیی و چالاککردنەوەی جەستە.

بەو پێیەی بەراورد بە زستان، لە بەهاردا ڕۆژ درێژ دەبێت، هاوسەنگیی نێوان ئەو دوو هۆرمۆنە تێکدەچێت و نزیکی دوو هەفتەی پێدەچێت تا بگەڕێنەوە باری ئاسایی خۆیان.

ئەمانەی خوارەوە، چەند ڕێنماییەکن بۆ خێراکردنی ئەو پڕۆسەی بەدەستهێنانەوە هاوسەنگییە.

خۆدانەبەر خۆر

لە حاڵەتی “خەواڵوویی بەهاردا” پزیشکان ڕێنماییدەدەن، بۆ ماوەی 20 خولەک ڕوخسار و سنگ و قۆڵەکان ڕاستەوخۆ بدرێنە بەر خۆر.

ئەمە لە جەستەدا دەردانی سیرۆتۆنین زیاددەکات و ئاسانکارییە بۆ تێپەڕاندنی خەواڵوویی بەهارە.

وەرزشکردن لە هەوای کراوەدا

وەرزشکردن لە دەرەوە و هەوای کراوەدا، لە وەرزی بەهاردا چەندین سوودی جۆراوجۆری هەیە و یارمەتیدەریشە بۆ تێپەڕاندنی خەواڵوویی بەهارە.

خۆشوردنی ناوبەناو بە ئاوی سارد و گەرمیش

لەم وەرزەدا باشتر وایە ناوبەناو پلەی گەرمیی ئاوی خۆشۆردنەکەت بگۆڕیت، واتا جارێک بە ئاوی گەرم خۆت بشۆیت و جارێکی دیکە بە ئاوی سارد. ئەمە سووڕی خوێن خێرا دەکات و زووتر لە خەواڵوویی بەهارە دەرتدەکات.

خواردنی دەوڵەمەند بە ڤیتامین

سیستمێکی خۆراکیی سووک و هاوسەنگ یارمەتیدەرە لە تێپەڕاندنی خەواڵوویی بەهارەدا، بۆیە زیاتر زەڵاتە و میوەکان بخۆ و خۆت لە گۆشتی سووری برژاو بەدووربگرە.

خواردنەوەی ئاو

زۆربەی جار، هەرکەسێک بە ڕێژەی پێویست ئاو نەخواتەوە، تووشی ماندوویی و سەرئێشە دەبێت. پسپۆڕان ڕێنماییدەدەن، ڕۆژانە لیتر و نیوێک ئاو بخورێتەوە. گەر حەزت بە خواردنەوەی ئاویش نییە، دەتوانیت شەربەتی سرووشتی و جۆرە جیاجیاکانی چا بەکاربهێنیت.

بڕی پێویستی نوستن

بەهاران ڕۆژ درێژدەبێت و شەو کورتدەبێتەوە، بۆیە ڕەنگە لە هەندێک خەڵکدا خەواڵوویی بەهار هۆکارەکەی کەمخەوی بێت. بۆیە دڵنیاببەرەوە شەوانە وەک پێویست نوستوویت.

بابەتی پێشتر

لە نەجەفەوە هۆشداری بە شیعەكان دەدرێت

بابەتی دواتر

سپەیس ئێكس گەشتێكی گەشتیاری بۆ بۆشایی ئاسمان دەستپێكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share