فیفا لەبارەی زیادکردنی کاتی یارییەکانی مۆندیال ڕوونکردنەوە دەدات

دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی زیادکردنی کاتی یارییەکان لە مۆندیالی قەتەر، فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بەفەرمی ئەو زانیارییانەی ڕەت کردەوە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو، دوای لێکۆڵینەوەیەکی سەنتەری لێکۆڵینەوە وەرزشییەکانی سەر بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان، دەرکەوتووە لەکۆی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئاسایی بواری تۆپی پێدا، تەنها 60 خولەک یاریزانان یاری بە تۆپەوە دەکەن، ئەوەش ڕێژەیەکی نزمە و پێویستی بە چارەسەرکردن هەیە.

یەکێک لەو ڕێگەچارانەی ئاماژەی بۆ دەکرا، زیادکردنی کاتی یارییەکان بوو لە 90 خولەکەوە بۆ 100 خولەک، باسیش لەوە دەکرا کە ئەم پێشنیازانە لە مۆندیالی قەتەری 2022وە دەبن بە بڕیار و جێبەجێ دەکرێن.

لەو بارەیەوە فیفا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا هاتووە، “دوای بڵاوبوونەوەی چەندین ڕاپۆرت و هەواڵ، فیدراسیۆنەکەمان دەیەوێت ئەوە ڕوون بکاتەوە، کە هیچ گۆڕانکارییەک لە یاسای داڕێژراو بۆ کاتی یارییەکان لە مۆندیالی 2022 ناکرێت، نەک هەر ئەوە، بەڵکوو گۆڕانکاری لە کاتی هیچ خول و پاڵەوانێتییەکدا ناکرێت”.

بابەتی پێشتر

ڕوسیا: ئۆكرانیا لە ناوەڕۆكی دانوستاندنەكانی توركیا پاشگەزبووەتەوە

بابەتی دواتر

"ناوی بنزیمە لەسەر باڵۆن دۆری داهاتوو بنووسن"

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share