ملیۆنان دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێم و زیاتر لە دە ملیار دۆلاری عێراق، كە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەدام حسێن، تا سەردەمی سیاسی و كاربەدەستە باڵاكانی ئێستا، لە بانكەكانی لوبنان دەستیان بەسەرداگیراوە، دوای ڕاگەیاندنی ئەمدواییەی مایەپووچبوونی بانكی ناوەندیی ئەو وڵاتەش چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە.
دوایین ڕاپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت ئاماژەی بە 637 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێم كرد (310 ملیۆن یۆرۆ و 294 ملیۆن دۆلار)، كە بەهۆی كێشەیەكی یاساییەوە لە بانكێكی لوبنان بلۆككراوە.
ڕۆژنامەی ئەلیكترۆنیی دەرەج-ی لوبنانی، كە زیاتر گرنگی بە بابەتی شیكاری و بەدواداچوون و بنكۆڵكاری دەدات، لە ڕاپۆرتێكدا و لە زاری شارەزایەكەوە جەختی لەسەر دەستبەسەراگرتنی ئەو پارانەی داهاتی نەوتی هەرێم كردووەتەوە و دەڵێت، پارەكە بە دوو ئەژماری بانكی دانراوە، ئەوەش بەشێكە لە دەیان ئەژمار، بەڵكو سەدان ئەژماری بانكی كە دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنكارانی عێراقی و بەرپرسانی سیاسی و داهاتی گشتیی دەوڵەت، كە لە بانكەكانی لوبنان هەڵپەسێردراون.
لە زاری سەرچاوەیەكی حكومیشەوە بڕی پارە دەستبەسەرداگیراوەكان بە 17 ملیار دۆلار دەخەمڵێنێت و دەڵێت، لەنێویاندا ملیارێك و 300 ملیۆن دۆلار هەیە، كە دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی عێراق و بەهەمان شێوە لە بانكەكانی لوبنان هەڵپەسێردراوە.
ئاماژەدان بەو پارانە لەكاتێكدایە دووشەممەی ڕابردوو سەعادە ئەلشامی جێگری سەرۆکی حکومەتی لوبنان لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، “دەوڵەت و بانکی لوبنان مایەپووچ بوون”، ئەمەش مشتومڕێکی بەرفراوانی لەو وڵاتەدا هێنایە ئاراوە.
دەرەج (ڕۆژنامەیەكی ئەلیكترۆنی سەربەخۆیە، وەك ئەوەی لە پێناسەكەیدا هاتووە لەلایەن ڕۆژنامەنوسانی پیشەگەر دامەزرێندراوە بەمەبەستی خستنەڕووی چیرۆكی ڕۆژنامەوانی) دڵنیایی دەدات لەوەی كۆی پارە هەڵپەسێردراوەكانی عێراق (17 ملیار دۆلارە)، كە دابەشدەبێت بەسەر ئەو پارانەی بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەكانەوە سڕكراون (پارەی سەدام حسێن و خێزانەكەی)، لەگەڵ پارەی دیكە كە دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنكارانی عێراقی كە ویستویانە سوود لە ڕووە نهێنییەكەی بانكە لوبنانییەكان وەربگرن بۆ شاردنەوەی پارەكانیان، زۆرێك لەوانە لە دۆسیەی لێپرسینەوەدایە. لەهەمان كاتدا بەشێك لەو پارە دوور لە گەندەڵییانەش هەیە كە خاوەنەكانیان متمانەیان بە بانكەكانی لوبنان كردووە بۆ پاراستنی.
حەسەن عادل بزی-ی پارێزەر بەدواداچوونی بۆ هەندێك لەو پارانە كردووە و دەڵێت، بەپێی هەڵسەنگاندنەكان زیاتر لە شەش ملیار دۆلاری “پارەی سەدام” لە بانكەكان هەن، بەڵام داتای ورد دەربارەی پارەكە لای دەستەی لێكۆڵینەوەی تایبەت بە بانكی لوبنانە كە لەلایەن ڕیاز سەلامە-ی دادوەرەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.
ئەو دەڵێت، تەنها ڕیاز سەلامە و عەلی ئیبراهیم-ی داواكاری گشتیی دارایی وردەكاریی ئەو پارەیەی سەدام و خێزانەكەی دەزانن.
40 ملیۆن دۆلاری ئەمریكیی (بانكی كوردستان) لە بانكێكی لوبنان هەڵپەسێردراوە
ڕۆژنامە ئەلیكترۆنییەكە ڕوونیكردووەتەوە، ئەو پارە دەستبەسەرداگیراوانەی بانكەكان بە بڕیاری دەستەی تایبەتی لێكۆڵینەوە ڕاگیراون و مامەڵەیان پێوەناكرێت، بەمانایەكی دیكە یاسا دادگاكانی ناچاركردووە ئەو پارانە بە “كاشی” لە خەزێنەكانیاندا بهێڵنەوە و وەبەرهێنانی پێوەنەكەن.
بەڵام لەمیانەی ئەو لێكۆڵینەوانەی غادە عەون-ی دادوەر لەگەڵ ژمارەیەك لە بانكەكان ئەنجامیداوە، دەركەوتووە دراوی نەختینە بە دراوی بیانی، لەنێویشیاندا پارەكانی عێراق ”بووەتە هەڵم”، لەگەڵ ئەودوای ئەوانەی پارەكانیان لە بانكەكاندا داناوە و ماوەی زیاتر لە 25 ساڵە وەبەرهێنانی پێكراوە.
پرسی پارە دەستبەسەراگیراوەكانی عێراق لە لوبنان لەمیانەی سەردانی ئەمدواییەی شاندی عێراق بۆ بەیروت هێنرایەوە بەرباس، بەتایبەت دوای قسەكردن لەسەر بەشداریی عێراق لە سەرلەنوێ بونیادنانەوەی بەندەری بەیروت، ئەو پرسەی عێراقییەكانی توڕەكرد و پێیانوایە حكومەتەكەیان كەمتەرخەمە لە سەرلەنوێ ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانەی داعش وێرانیكردون و لەهەمان كاتدا بەشداری لە ئاوەدانكردنەوەی بەندەری بەیروت دەكات.
بەڵام شارەزایانی ئابوری پێیانوایە بەرژەوەندییەكانی عێراق لە مانەوەی پەیوەندییەكی باشدایە لەگەڵ لوبنان، ئەویش لەڕێی ئەو دەستپێشخەرییەوە، بۆ ئەوەی پارە دەستبەسەراگیراوەكانی عێراق لەبەرچاوبگیرێت.
ڕۆژنامەكە لە زاری هومام شەماع شارەزای ئابوریی عێراقییەوە دەڵێت، بەدواداچوونی بۆ ڕەسیدێكی پەیوەندیدار بە “بانكی كوردستان”ــەوە كردووە كە لە سێ بانكی لوبنانی بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و بڕەكەی دەگاتە 40 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی.
سەبارەت بە 17 ملیارەكەی عێراقیش لە زاری ڕۆژنامەنووسانی عێراقییەوە كە چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كراوە، لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، بەشێك لەو پارانە پەیوەنیدارە بە نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتر. لەكاتێكدا یەكێك لە ڕۆژنامەنووسەكان وتویەتی زانیاری لەبەردەستە دەربارەی ناردنی پارە لەلایەن شوێنكەوتووانی مالكییەوە بۆ لوبنان لە ساڵی 2015وە تا هەرەسهێنانی ئابوریی ئەو وڵاتە لە 2019، ئەوەیش بەمەبەستی كڕینی ڤێلا، زەوی، خانو، باڵەخانە و هۆتێل لە لوبنان، وەك هەوڵێك بۆ بردنەدەرەوەی پارەكە و سپیكردنەوەی لە ترسی سزاكانی ئەمریكا.
دەرەج ئاشكراشیكردووە، ڕەغد سەدام حسێن-یش پێشتر یەكێك لە پارێزەرانی لە بەیروت ڕاسپاردووە بۆ بەدواداچوون بۆ ملیارەها دۆلار كە بەناوی حسێن كامل-ی هاوسەرە كوژراوەكەی لە بانكی (لوبنان و مەهجەر) دانراون، بەڵام بانكەكە وەك ئەوەی پارێزەرەكە وتویەتی، بوونی ئەو پارەیەی ڕەتكردووەتەوە. خێزانی حسێن كامل-یش هیچ بەڵگەیەكیان نییە كە بوونی ئەو پارانە بسەلمێنێت، بەتایبەت دوای هەڵاتنی لە عێراق لە ساڵی 2003دا.