ئەندامانی پارتەکەی ئەردۆغان بە کۆمەڵ دەستلەکاردەکێشنەوە

زیاتر لە هەزار ئەندامی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکایەتیی دەکات لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستیانلەکارکێشاوەتەوە، ڕایانگەیاندووە دەچنە ڕیزی “ئی پارتی” کە میراڵ ئاکشەنەر سەرۆکایەتیی دەکات.

بەرپرسێکی پارتی باش “ئی پارتی” ئاشکرایکردووە، لە 20ی ئەم مانگەدا هەزار و 170 ئەندامی پارتی داد و گەشەپێدان لە ئەرزروم دەستیان لەکارکێشاوەتەوە و چوونەتە ڕیزەکانی پارتەکەی ئەوانەوە.

لەبەرامبەر هەواڵی بەشێک لە میدیاکانی تورکیای نزیک لە ئەکەپە کە ئەو هەواڵەیان بە ناڕاست لەقەڵەمداوە، مەلیح کیرک پینار سەرۆکی لقی ئەرزرومی پارتی باش وێنەی سەدان ئەندامی نوێی حزبەکەی بڵاوکردەوە کە سەرجەمیان دەستیان لەکارکێشاوەتەوە لە پارتی داد و گەشەپێدان.

کیرک لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر نوسیوییەتی، “ئەمڕۆ هەزار و 71 ئەندامی نوێ هاتنە ناو خێزانی ئی پارتی” لەگەڵ تویتەکەیدا ژمارەیەک وێنەشی بڵاوکردووەتەوە.

سەرچاوەیەک لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا ئاشکرایکردووە، “دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵ لەناو پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا لەم ماوەیەی کۆتاییدا ڕووی لە زیادبوون کردووە، بەڵام ئەوانەی دەستلەکاردەکێشنەوە لەبەر ترسیان لە تۆڵەسەندنەوە لێیان نایانەوێت بە ئاشکرا ڕایبگەیەنن”.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، بەشێکی زۆر لەو ئەندامانەی پارتی داد و گەشەپێدان کە بەر لەمان دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەشی پارتی دەسەڵاتدارکردووە، پەیوەندییان کردووە بەهەردوو پارتی داهاتوو و پارتی دیموکراتی و بونیاد کە هەریەکە لە ئەحمەد داود ئۆغلۆ سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەکەپە و عەلی باباجان دایانمەزراندووە لەدوای جیابوونەوەیان لە پارتەکەی ئەردۆغان.

لەگەڵ ئەوەشدا، لەسەرجەم ئەو ڕاپرسییانەی لەم ماوەیەی دواییدا لەلایەن دامەزراوەی ئۆراسیا بۆ توێژینەوە ئەنجامیداوە دەرکەوتووە، لایەنگرانی پارتی داد و گەشەپێدان زۆر دابەزیوە بەجۆرێک ناتوانێت بەربەستەکانی هەڵبژاردن بۆ گرتنەوە دەستی دەسەڵات تێپەڕێنێت.

لەسەرەتای مانگی ئازارەوە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار و هاوپەیمانەکانی ڕەشنووسی یاسایەکیان پێشکەش بە پەرلەمان کرد سەبارەت بە بەربەستی هەڵبژاردن و تەواوکردنی ڕێژەی 7% بۆ ئەو بەربەستە لەبری ئەوەی ئێستا هەیە کە 10%یە.

بابەتی پێشتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ شاندی هاوپەیمانیی عەزم كۆبووەوە

بابەتی دواتر

كارنامەی كۆبوونەوەكەی سبەینێی پەرلەمان بڵاوكرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share