لە تەمەنی 101 ساڵیدا خەونی بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەدیهێنا

پیاوێكی ئەمریكی دوای زیاتر لە 80 ساڵ وازهێنانی لە خوێندن، بڕوانامەی قۆناغی ئامادەیی بەدەستهێنا.

زنجیرەی خوێندنگەكانی كانتۆنی جێفرسۆن لە ویلایەتی ڤیرجینیای خۆرئاوا ڕایگەیاند، مێریڵ پیتمان كووپەر لە ساڵی 1930دا چووەتە كۆلێژی ستۆرەر كە ئەو كات یەكێك بووە لە خوێندنگەكانی ناوچەكە، بەڵام دواتر و لە ساڵی 1938دا كە دوا ساڵی خوێندنی قۆناغی ئامادەیی كووپەر بووە، كاتێك خۆی و دایكی بەهۆی دۆخی داراییانەوە ماڵیان گواستووەتەوە بۆ فیلادێڵفیا، وازی لە خوێندن هێناوە.

بەپێی سەرچاوەكە، ساڵی 2018 كووپەر سەردانی كۆلێژەكەی كردووە و نیگەرانیی خۆی نیشانداوە لەوەی نەیتوانیوە خوێندنی ئامادەیی تەواوبكات، ئەوەش بووەتە دەستپێكی هەوڵێكی خێزان و هاوڕێكانی لەگەڵ زنجیرەی خوێندنگەكانی كانتۆنی جێفرسۆن بۆ ئەوەی ناوبراو دەست بە خوێندن بكاتەوە.

ماڵپەڕی “upi” وردەكاریی چیرۆكەكەی بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت، “هەوڵەكان ئەم مانگە گەیشتنە ئەنجام و كووپەر بڕوانامەی دیبلۆمی فەخریی بەدەستهێنا”.

بۆندی شای گیبسۆن سەرپەرشتیاری زنجیرەی خوێندنگەكانی كانتۆنی جێفرسۆن، لە ئاهەنگی دەرچوونی خوێندكارە تەمەن 101 ساڵانەكەدا ڕایگەیاندووە، “بە بەدەستهێنانی ئەم بڕوانامەیە، بەڕێز كووپەر بووە خاوەنی بڕوانامەی قۆناغی خوێندنی ئامادەیی، شادمەندین بەوەی بەشێكبین لە بەدیهێنانی ئەم خەونە”.

بابەتی پێشتر

كەشێكی سارد و باراناوی ڕوو لە شارەكانی هەرێم دەكات

بابەتی دواتر

دادگای فیدراڵی سكاڵایەكی سەر ڕێبەر ئەحمەدی ڕەتكردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share