ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی ئاوە..‏
UN‏ لەبارەی ئایندەی ئاوەوە لە عێراق هۆشداری دەدات

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق جینین هێنیس پلاسخارت، ئەمڕۆ بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئاوەوە داوا لە وڵاتانی دراوسێی عێراق دەکات کە بەشداری لە گفتوگۆکانی پەیوەست بە چارەسەرکردنی کێشەی سەرچاوە ئاوییەکان، دابەشبوون و مافەکانیان بکەن.

لە پەیامێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئاوەوە بڵاویکردووەتەوە جینین پلاسخارت دەڵێت، “لە سەرجەم شوێن و وڵاتەکانی هەسارەکەماندا ئاو نهێنی ژیانە، لەعێراقیش بەکارهێنان و ئیدارەدانی سەرچاوە ئاوییەکان بەشێوەیەکی ڕێکوپێک گرنگیی تایبەتیی هەیە، ئێمە لە مانگی ڕابردوودا سەردانی زۆنگاوەکانی باشووری وڵاتمان کرد بینیمان ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی زۆر سەخت بوونەتەوە”.

پلاسخارت ئاماژەی بەوەکردووە، “کەمبوونەوەی بارانبارین، کەمئاوی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی خوێ لە ئاو خاکدا، ئیدارەنەدانی سەرچاوە ئاوییەکان بە باشی، گەشەی دانیشتووان سەرجەمیان پاڵنەری کاریگەرن لەسەر کێشەی ئاو لە وڵاتەکەدا”.

پلاسخارت یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بۆ گۆرانکارییەکانی ئاووهەوا و کاریگەریی لەسەر گرتنەوە و کەمکردنەوەی ئاوی سەرچاوەکان لەلایەن وڵاتانی دراوسێ گەڕاندەوە کە کاریگەریی مەترسیداری لەسەر عێراق هەیە.

ئاماژەی بە مەترسییەکانی کێشەی ئاو کردووە کە تەنها کاریگەریەکانی بەوانەوە ناوەستێت بەڵکو مەترسی دەبێت بۆسەر، هەژاری، ئاوارەبوون و ململانێ و کێشە، ئەو کێشانەش کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی عێراق دەبێت و بۆ ماوەیەکی درێژ کاریگەرییەکەی دەمێنێتەوە.

پلاسخارت باس لەوەدەکات کە لەسەر هەموولایەک و وڵاتانی دراوسێش پێویستە بەدەر لەهەر بابەتێکی سیاسی و هەر ناکۆکییەک کاری لەپێشینەیان بۆ ئەو لایەنە تەرخانبکەن و چارەسەری بنچینەیی و خێرای بۆ بدۆزنەوە، لەوەش گرنگتر بەشداریکردنی دراوسێکانی عێراقە لە گفتوگۆکانی دابەشبوونی ئاو و ئیدارەدانی سەرچاوەکانیدا.

بابەتی پێشتر

پۆلیسی توركیا لە نەورۆزی ئامەد 298 كەسی دەستگیركردووە

بابەتی دواتر

لە نەورۆزدا لە سلێمانی هیچ حاڵەتێكی تەقە و شەڕ تۆمارنەكراون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share