بەرپرسانی ئێرانی و عێراقی هێرشەكەی سەر هەولێر بە وەڵامدانەوەی هێرشێكی پێشووی ئیسرائیل بۆسەر كارگەیەكی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە تەبرێز ناودەبەن جگە لە نیگەرانییەكانی پەیوەندیدار بە جێگرتنەوەی غازی ڕوسیا لەلایەن هەرێمەوە، بەدووریشیدەزانن پەیوەندی بە وتووێژەكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراقەوە بێت.
سایتی (Middle East Eye) لە زاری گەورە بەرپرسێكی ئێرانییەوە ڕایگەیاند، هێرشەكە وەڵامدانەوە بوو بۆ هێرشێكی پێشووی ئیسرائیل، كە “لە كوردستانی عێراقەوە ئەنجامدرا” بۆسەر كارگەیەكی دروستكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە شاری تەبرێز لە باكووری ڕۆژئاوای ئێران، بەر لە چەند هەفتەیەك.
بەرپرسە ئێرانییەكە وردەكاریی زیاتری لەبارەی هێرشەكەی تەبرێزەوە ئاشكرانەكرد، بەڵام میدیاكانی ئێران لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئاماژەیان بە دوو تەقینەوەی گەورە لە شارەكەدا كرد.
ڕووداوی یەكەم لە 4ی شوباتی ڕابردوو لە بینایەكی سێ نهۆمیدا بوو لە ناوچەی یوسف ئاباد عەباسی لە ڕۆژهەڵاتی تەبرێز.
بەرپرسانی ناوخۆیی ئەوكات ڕایانگەیاند، هۆكاری تەقینەوەكە نەزانراوە و بەهۆیەوە لانیكەم سێ كەس كوژراون و پێنج باڵەخانە زیانیان پێگەیشتووە.
تەقینەوەی دووەم لە 8ی ئەم مانگەدا بوو، چەند باڵەخانەیەك لە ناوچەی ئەحمەد ئاباد زیانیان بەركەوت، چوار كەسیش برینداربوون. جارێكی دیكە بەرپرسانی ناوخۆیی وتیان هۆكارەكەی نەزانراوە.
شهوى یەكشەممەی ڕابردوو بە 12 مووشەكى بالیستى هێرشكرایە سەر هەولێر، سوپای پاسدارانی ئێران-یش بەرپرسیارێتیی هێرشەكەی لە ئەستۆگرت و ڕایگەیاند، هێرشەكەیان ناوەندێكی ستراتیژیی ئیسرائیلی كردووەتە ئامانج.
دەربارەی هێرشەكە سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، مۆڵگەیەكی موساد كراوەتە ئامانج كە مایەی هەڕەشە بووە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەك بخاتەڕوو، لەكاتێكدا وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بە سایتی (Middle East Eye) وتووە، هیچ لێدوانێك دەربارەی هێرشەكەی هەولێر نادات.
بەرپرسانی ئەمریكی ڕەتیدەكەنەوە ڤێلا بەئامانجگیراوەكە لەلایەن موسادەوە بەكارهێنرابێت.
سایتەكە لە زاری بەرپرسێكی ئەمریكیی نیشتەجێی عێراق ڕایگەیاند، ڤێلاكە (ماڵی شێخ باز) دەكەوێتە هەمان ناوچەی كۆمەڵگای نوێی كونسوڵخانەی ئەمریكاوە، كە ئێستا لە قۆناغی دروستكردندایە.
وتیشی، “چەند ناڕۆشنییەك لەم پرسەدا هەیە، ڕوون نییە كە ئایا سوپای پاسداران هەڵەی كردووە لە ئامانجەكەیدا، یان مەبەست گەیاندنی پەیامێك بووە دەربارەی بە ئامانجگرتنی شوێنەكە”.
كێشەی ناوخۆیی، عێراق و غازی سروشتی.. هێرشەكەی ئێران و بەستنەوەی بە ڕەهەندە ناوخۆیی و هەرێمییەكانەوە
لای خۆیانەوە بەرپرسانی ئێرانی و سەركردە و بەرپرسانی عێراقیی نزیك لە تاران بە سایتی (Middle East Eye)یان وتووە، هێرشەكەی هەولێر “هەڕەمەكی” یان “سۆزداری” نەبووە.
ئاشكراشیانكردووە، “سەرەڕای زانیاریی بەر لە چەند هەفتەیان دەربارەی شوێنەكە بەوەی بارەگای موسادە، وەڵامدانەوەی هێرشەكەی تەبرێز دواخرا بەهۆی پێشكەوتنی ئەرێنی لە گفتوگۆ ئەتۆمییەكاندا لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان و وڵاتانی دیكەی جیهان لە ڤیەننا”.
بەرپرسێكی ئێرانی دەڵێت، “بڕیاربوو هێرشەكە بەر لە چەند هەفتەیەك ئەنجامبدرێت، بەڵام ترس لە كاریگەرییەكەی لەسەر ڕێڕەوی دانوستانەكان ڕێگربوو”.
ئەوەشی خستەڕوو، “پاسەوانی شۆڕشی ئێران باوەڕی بە سوودی وتووێژەكان یان جددی بوونی ئەمریكییەكان لە پێدانی ئەوەی ئێران دەیەوێت نییە. باوەڕیانوایە زۆر دانیان بەخۆداگرت و كاتی پێویستیان بە هەواڵگریی ئێرانیدا بۆ جێبەجێكردنی كاروبارەكان لەسەر ڕێگای خۆیان”.
بەپێی وتەی سەرچاوەكە، “دەستبەسەراگرتنی گوێزەرەوەیەكی نەوتی ئێران لە دورگەی باهاما لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكان و، ڕەتكردنەوەی ئازادكردنی سەرەڕای داواكارییەكانی ئێران، توڕەییەكانی سەرانی سوپای پاسدارانی بەرامبەر بەرپرسانی هەواڵگریی ئێران زیادكرد”.
ئێرانییەكان لەم هێرشەیاندا چەند پەیامێكیان گەیاند
لەم چێوەیەدا سەركردەیەكی سیاسیی دیاری عێراقی دەڵێت، “ئێرانییەكان ژمارەیەكی زۆری مووشەكی بالیستی لە كاروباری ناوخۆیی عێراقیدا بەهەدەرنابەن. هێرشەكەی ئەمدواییە پەیوەندی بە كێبڕكێی سیاسیی ناوخۆی عێراقەوە نییە، ئەوەندەی پەیوەندی بە ڤییەنناوە هەیە”.
وتیشی، “ئێرانییەكان لەم هێرشەیاندا چەند پەیامێكیان گەیاند: یەكێكیان بۆ ئیسرائیل، دووەم بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان، سێیەم بۆ توركیا و چوارەم بۆ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، ئەگەر بیانەوێت وا خوێندنەوەی بۆ بكەن”.
دوو بەرپرسی ئەمریكی-ش وتوویانە، “وادەردەكەوێت توركیا بە ناكۆكییەك گەمارۆدرابێت، بەهۆی دەنگۆی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەیەكی گەرم كە تیایدا باڵیۆزی ڕوسیا لە عێراق ویستوویەتی بەرپرسانی توركیا و قەتەر ڕازیبكات بە هاوكارینەكردنی ڕۆژئاوا لە جێگرتنەوەی غازی ڕوسیا پاش شەڕی ئۆكرانیا، ئێران و ڕوسیاش هاوپەیمانن، سەرەڕای ئەوەی ئەو هاوپەیمانێتییە ڕووبەڕووی فشار بووەوە بەهۆی داخوازییە نوێیەكانی ڕوسیا لە ڤیەننا”.
غازی هەرێم كە بەمدواییە دەنگۆی هەناردەكردنی بەرەو توركیا زیادیكرد، نیگەرانیی ڕوسیای لێكەوتەوە، ئێرانیش بە چەند بالیستییەك ئەو نیگەرانییە و چەند پەیامێكی دیكەی نارد.