كێشەی ناوخۆیی، عێراق و غازی سروشتی
هێرشەكەی ئێران و بەستنەوەی بە ڕەهەندە ناوخۆیی و هەرێمییەكانەوە

هێرشە مووشەكییەكەی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسەر هەولێر، خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، لایەنە سیاسییەكان مەترسییەكانی سەر هەرێمی كوردستان ئاشكرادەكەن و هۆشداری دەدەنە حكومەتی هەرێم، كۆدەنگییەك هەیە لەبارەی وردتربوونی حكومەتی هەرێم لە هەنگاوەكانیدا.

“حكومەتی هەرێم بە سیاسەتەكانیدا بچێتەوە”

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، سێ هۆكار بۆ هێرشە مووشەكییەكەی هەولێر هەن، كە بریتیین لە “ململانێ و ناكۆكیی وڵاتانی ناوچەكە، دووبەرەكیی ناوخۆیی هەرێم و نیشاندانی هێز بەرامبەر یەكتر”، كە پێویستە هەرێم لەو بابەتانە دووربخرێنەوە.

مەكتەب سیاسییەكەی یەكێتی پێیوایە، “لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان چەند لایەنێك هەن نایانەوێت بەهێزبین و كاتی ئەوە هاتووە حكومەتی هەرێم بە سیاسەتەكانیدا بچێتەوە، چونكە ئەو هێرشە مووشەكییانە جۆرێك پەیامە بۆ حكومەتی هەرێم بەرامبەر ئەو سیاسەتانەی پەیڕەوی دەكات”.

“هێرشەكە پەیوەندیی بە ڕێككەوتنی غازەوە هەیە”

نزار محەمەد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕانە، لە خوێندنەوەیدا بۆ هێرشە مووشەكییەكە، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “هێرشە مووشەكییەكەی سەر هەولێر پەیوەندیی بە مەسەلەی هەناردەی غاز و ڕێككەوتنە لەگەڵ توركیا، كە دەیانەوێت غازی هەرێمی كوردستان وەكو جێگرەوەی غازی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەكاربهێنن”.

ئەو بەرپرسەی گۆڕان نەیشاردەوە، كە كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان هۆكارێكی دیكەی هێرشەكەیە، “وڵاتانی ناوچەكە كاتێك كە هەرێمی كوردستان كێشەی هەبێت، بە دەرفەتی دەزانن، حكومەتی عێراقیش لەكاتی دروستبوونی كێشەی ناوخۆیی، مەرجەكانی خۆی بەسەر هەرێمی كوردستاندا دەسەپێنێت، وەكو ئەوەی دادگای فیدڕاڵی بەرامبەر هەرێم لە پرسی نەوت و غازدا كردی و یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستانی بە نادەستووری ناوبرد”.

“هێرشەكە پەیوەندیی بە پێكهێنانی حكومەتی عێراقەوە هەیە”

لای خۆیەوە، ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، هێرشەكەی سەر هەولێر لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، كاریگەریی لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و تاران دەبێت.

تەنانەت پێیوایە، جگە لە حكومەتی هەرێم، حزبەكەشی قسەی لەسەر ئەو هێرشە دەبێت.

بەڵام سەركردایەتییەكەی پارتی جیاواز لە دوو بەرپرسەكەی یەكێتی و گۆڕان، پێیوایە هێرشەكە پەیوەندیی بە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقەوە هەیە، نەیبەستەوە بە پرسە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان.

“پەیامەكە ڕوونە، لەژێر ڕەحمەتی تاراندا بمێنەرەوە”

عەدنان عوسمان، سیاسەتوانی سەربەخۆ و پەرلەمانتار لە خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان، خوێندنەوەی بۆ هێرشەكە كرد، لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، هێرشە مووشەكییەكەی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر هەولێر پەیامێكی ڕوونە، “نابێت هەرێمی كوردستان لە ستراتیژییەتی تاران دەربچێت و مووشەكەكانی هەر شوێنێكی هەرێمی كوردستانی بووێت، پێیدەگات، ئەوەش بەبیر هەرێم بهێندرێتەوە كە هیچ دۆستێكی نییە جگە لە كۆماری ئیسلامیی ئێران”.

عەدنان عوسمان پێی وایە، “ئێستا تەواوی جیهان دووچاری قەیرانی سووتەمەنی بووە و نزیكبوونەوەی هەرێم لە توركیا لە مەسەلەی غازی سروشتییدا، وایكردووە كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو ساتەوەختە بە گرنگ بزانێت بۆ ئەنجامدانی هێرشە مووشەكییەكەی”.

بەرەبەیانی ڕۆژی یەكشەممە، بە 12 مووشەك هێرشكرایە سەر هەولێر، سوپای پاسدارانی ئێران-یش بەرپرسیارێتیی هێرشەكەی لە ئەستۆگرت و ڕایگەیاند، هێرشەكەیان ناوەندێكی ستراتیژیی ئیسرائیلی كردووەتە ئامانج.

لە بەرامبەردا بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕەتیدەكەنەوە هیچ بارەگایەكی ئیسرائیلی لە هەولێر بوونی هەبێت.

بابەتی پێشتر

كازمی داوا لە لایەنەكان دەكات لەبارەی سەروەریی عێراق یەكدەنگبن

بابەتی دواتر

فەرەنسا: هێرشەكەی سەر هەولێر ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی دەخاتە مەترسییەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share