كاركردن لە پرۆژەی ئۆتۆبانی بابان ڕاگیرا

شەقامی ئۆتۆبانی بابان

كاركردن لە پرۆژەی شەقامی ئۆتۆبانی بابان ڕاگیرا، بەرپرسێكی كۆمپانیای قەیوان هۆكارەكەی بۆ خەرجنەكردنی شایستە داراییەكان دەگەڕێنێتەوە.

سەرچاوەیەكی بەرپرس لەناو پرۆژەی ئۆتۆبانی بابان (100 مەتریی سلێمانی) بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، لەمڕۆوە كاركردن ڕاگیراوە و هۆكارەكەشی خەرجنەكردنی شایستە داراییەكانیانە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە.

هەروەك بەپێی نوسراوێك كە بەواژووی بەڕێوەبەری كارگێڕی بڵاوكراوەتەوە، ڕاگرتنی تەواوی كارەكانی پرۆژەكە ڕاگەیەندراوە.

دلێر كەمال، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی كۆمپانیای قەیوان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بڕیارەكە بەهۆی ئەوەیە تائێستا ئەو شایستە داراییانەی پێویستبوو حكومەتی هەرێمی كوردستان خەرجیبكات بۆ گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان لە بەرامبەر جێبەجێكردنی ئەو كارانەی لە پرۆژەی شەقامی 100 مەتری ئەنجامیدەدات و نەكراوە.

وتیشی، “بەشێكی زۆری ئیشوكارەكان تەواوبووە، بەڵام حكومەت سلفەیەكی وای نەداوە كە لەئاست ئەو ئیشوكارانەدا بێت كە جێبەجێكراوە، بۆیە بڕیاردراوە ئیشوكارە بۆ ماوەیەكی كاتی ڕابگیرێت تا ئەوكاتەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت لەسەر خەت دەبن بۆ چارەسەركردنی گرفتەكە و پێدانی شایستە داراییەكان”.

پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی (ئۆتۆبانی بابان) بریتییە لە دروستكردنی ڕێگایەكی خێرا بە پانی (100) مەتر كە قۆناغی یەكەمی لە شارۆچكەی تاسڵوجەوە دەستپێدەكات و لە گوندی دەمركان لە شەقامی عەربەت- سلێمانی كۆتایی پێدێت.

بابەتی پێشتر

مامۆستایانی وانەبێژ: تائێستا شایستەکانی ساڵی ڕابردوومان پێنەدراوە

بابەتی دواتر

چەند ڕێنماییەک بۆ ڕێکخستنی هۆرمۆنەکان و ڕزگاربوون لە ماندوێتیی بەهار

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share