ئاژانسی وزەی ئەتۆم: ئەگەری مەترسی لە چێرنۆبڵ نزیکە

وێنەیەک لە وێستگەی ئەتۆمیی چێرنۆبڵ

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند، ئەو سیستمەی تایبەتبوو بە کاری ‏چاودێریکردنی لەدوورەوەی ماددە ئەتۆمییەکانی چێرنۆبڵ، وەستاوە لە ناردنی ‏زانیارییەکان، ئەوەش نیگەرانیی دروستكردووە.‏

وێستگەی ئەتۆمیی چێرنۆبڵ، وێستگەیەکی نزیک لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیایە، کە لە ‏ساڵی 1986دا خراپترین ڕووداوی ئەتۆمیی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تێدا ڕوویدا، هەر ‏لەیەکەم ڕۆژی هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا، ئەو ناوچەیە لەلایەن هێزە ڕوسییەكانەوە ‏کۆنترۆڵکرا.‏

ڕافایێل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سەر بە نەتەوە ‏یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، “ناردنی داتا و زانیارییەکان لەلایەن ئەو سیستمەی کە ‏لەدوورەوە چاودێریی پارێزراوی و “گرەنتی”ی وێستگەی ئەتۆمیی چێرنۆبڵمان پێدەکرد، ‏وەستاوە لە کارکردن”.‏

‏“گرەنتی” زاراوەیەکە ئاژانسی وزەی ئەتۆم بەکاریدەهێنێت بۆ ئەو تەکنیکەی بەکاریدەهێنن ‏بۆ ماددە و چالاکییە ئەتۆمییەکان، بەئامانجی ڕێگریکردن لە هەر بڵاوبوونەوەیەکی چەکی ‏ئەتۆمی لەڕێگەی ئاشکراکردنی خێرا و بەپەلەی هەر بەکارهێنانێکی خراپ، یان هەڵە.‏

تائێستا 200 کەس لە کەسانی هونەری و پاسەوانەکان لە وێستگەی چێرنۆبڵ ماونەتەوە، ‏لەماوەی 13 ڕۆژی دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن ڕوسیاوە کاردەکەن.‏

لەوبارەیەوە ئاژانسی وزەی ئەتۆم داوای لە ڕوسیا کرد ڕێگەبدات بە کارمەندانی ئەو ‏وێستگەیە ئاڵوگۆڕی کاتی کارەکانیان بکەن لەگەڵ هاوکارەکانی دیکەیان، هەروەها کاتی ‏کار و پشوویان هەبێت، ئەمەشی وەک مەرجێک بۆ سەلامەتی و پارێزراویی وێستگەکە ‏داناوە.‏

گرۆسی هۆشداریشیدا لەوەی دۆخی کارمەندانی وێستگەکە سەخت و ماندوکەرە، بۆیە ‏ئەگەری دروستكردنی مەترسی لەلایەن وێستگە ئەتۆمییەكەوە ئەگەرێكی نزیکە.‏

هەروەها ڕایگەیاندووە، ناردنی داتا و زانیارییەکان بۆ یەکەی چاودێریکردن لە ئۆکرانیا لە ‏وێستگەکەوە پچڕاوە، تەنها لەڕێگەی پۆستەوە دەتوانن پەیوەندییان بە وێستگەکەوە هەبێت، ‏بۆیە داوای سەردانکردنی ئەو وێستگەیە یان هەر ناوچەیەکی دیکەی کرد لە وێستگە ‏کارەباییەکانی ئۆکرانیا کە بە وزەی ئەتۆمی کاردەکەن، بەمەبەستی دڵنیابوونەوەی هەموو ‏لایەک لە سەلامەتی و پارێزراوی.‏

ڕۆژی هەینیش سوپای ڕوسیا کۆنترۆڵكردنی وێستگەی زاپۆرژیای باشووری ڕۆژهەڵاتی ‏ئۆکرانیایان کرد، کێیڤ ڕوسیای بە بۆدرومانکردنی وێستگەکە و هۆکاری کەوتنەوەی ‏ئاگر لەو وێستگەیە تۆمەتبارکرد.‏

بابەتی پێشتر

هەریەکە لە ماکدۆناڵد، کۆکا کۆلا، پێپسی و ستاربەکس کارەکانیان لە ڕوسیا ڕاگرت

بابەتی دواتر

دۆلار کەمێک دابەزی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share