ئەنجومەنی نوێنەران دووبارەكردنەوەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەخاتە دەنگدانەوە

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

ئەنجومەنی نوێنەران بەرنامەی كاری دانیشتنی سەرەتای هەفتەی داهاتووی بڵاوكردەوە كە یەكێكیان دەنگدانە لەسەر كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرنامەی كاری دانیشتنی ڕۆژی شەممەی داهاتووی ئەنجومەنەكەی بڵاوكردەوە كە دوو بڕگە لەخۆدەگرێت، یەكەمیان دەنگدان لەسەر دووبارەكردنەوەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار. دووەمیش پێكهێنانی لیژنە هەمیشەییەكانی ئەنجومەنەكەیە.

ئەو هەنگاوەی ئەنجومەنی نوێنەران لەكاتێكدایە دوێنێ دادگای باڵای فیدراڵی كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ ئەو پۆستە بە بڕیاری دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە بە نادەستووری ناوبرد، لەهەمان كاتدا ڕایگەیاند، دەكرێت ئەو كارە بە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامبدرێت.

دوای ئەوەی نەتوانرا لە ماوە دەستووری و یاساییەكاندا سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریدا سێ ڕۆژ دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستەكە بكاتەوە، بەڵام بەشێك لە لایەنەكان و پەرلەمانتارانی عێراق دووبارە كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردنیان بە نایاسایی ناوبرد، بۆیە باسم خەشان پەرلەمانتاری عێراق لەو بارەیەوە سكاڵای لە دادگای فیدراڵی تۆماركرد.

بەپێی ماوە دەستوورییەكان، دەبوو تا ڕۆژی هەشتی مانگی ڕابردوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرایە، بەڵام ئەو كارە نەكرا، بۆیە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەمان ڕۆژ بڕیاریدا بە دووبارە كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.

بابەتی پێشتر

ڕوسیا باڵیۆزی ئەمریكای لە وڵاتەكەی دەركرد

بابەتی دواتر

نرخی نەوت 117 دۆلاری تێپەڕاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share