دانوستاندنەکانی ڕوسیا و ئۆکرانیا گەیشتن بە چی؟ مەرجەکانی هەردوولا چیبوون؟

دوای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ بەسەر هێرشی ڕوسیا بۆ ناو خاکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا داوای لە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا کرد، لەبارەی لەشکرکێشیی وڵاتەکەیەوە دانوستاندن بکەن.

دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر ڤلادیمێر پوتین وەڵامی داواکەی زیلینسکیی دایەوە و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دانوستاندن نیشاندا، مەرجی مۆسکۆ بۆ دانوستاندن بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بوو لە مینسکی پایتەختی بیلاڕوسیا، لەبەرامبەردا کیێڤ ئامادەبوونی لە مینسک بۆ دانوستاندن ڕەتکردەوە و پێشنیازی وارشۆی پایتەختی پۆڵەندای بۆ ئەو مەبەستە کرد.

دواجار دوای پێنج ڕۆژ لە بەردەوامیی هێرشی ڕوسیا و ڕووبەڕووبوونەوە و بەرگریی توندی ئۆکرانییەکان، کیێڤ ڕەزامەندیدا لەسەر ناردنی شاند بۆ بیلاڕوسیا، پاشنیوەڕۆی دوێنێ دووشەممە گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکانی نێوان هەردوو وڵات لە سنووری بیلاڕوسیا و ئۆکرانیا بەڕێوەچوو.

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەجوونی گفتوگۆکان هەر دوێنێ سوپای ڕوسیا گەیشتە خارکیڤ دووەم گەورەترین شاری ئۆکرانیا.

یاریدەدەری ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا دوێنێ ڕایگەیاند، “گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی ئۆکرانی ماوەی پێنج کاتژمێر بەردەوامبوون”.

ڤلادیمێر میدینسکی کە سەرۆکایەتیی شاندی ڕوسیای دەکرد ڕایگەیاند، هەردوولا “هەندێک خاڵیان خستەڕوو کە دەکرێت هەڵوێستی هاوبەش هەبێت لەبارەیانەوە”.

میخایلۆ پۆدۆلاک، گەورە ڕاوێژکاری ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لەبارەی دانوستاندنەکانی دوێنێ وتی، “جەختمان لە وەستاندنی هێرشەکان کردووەتەوە.

هەردوو شاندی دانوستاندنکاری ڕوسیا و ئۆکرانیا لەدوای کۆبوونەوەکەیان ئەوەیان ئاشکراکرد کە گەڕی دووەمی گفتوگۆکانیان لە ماوەیەکی نزیکدا بەڕێوەدەچێت.

بە جیاوازیی ئەوەی گەڕی دووەمیان لە سنووری نێوان پۆڵەندا و بیلاڕوسیا دەبێت و لەسەر ئەو خاڵە ڕێککەوتوون.

هەردوو شاندی دانوستاندنکار دوای پێنج کاتژمێر کۆتاییان بە گفتوگۆکانیان هێنا، هەردوولاش ئاشکرایانکرد کە ژمارەیەک پرسیان وەک گرنگترین و لەپێشینەترین پرسەکانیان دیاریکردووە کە دەبێت بڕیاریان لەبارەوە بدەن.

ڕوون نییە ئەو پرسە گرنگانە بەدیاریکراوی چین کە بە لەپێشینە و گرنگترین دانراون لەنێوانیاندا، بەڵام لایەنی ئۆکرانی مكوڕبوون لەسەر ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان و کشانەوەی هێزەکانی ڕوسیا، ڕوسیاش گەرەنتیی دەوێت سەبارەت بەوەی ئۆکرانیا لایەنداری نەکات و هەرگیزیش نەبێتە ئەندامی ناتۆ.

شەوی ڕابردووش ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە وتارێکدا دوای گفتوگۆکان ڕایگەیاند، “کۆبوونەوەی شاندەکان تائێستا ئەنجامێکی لەوجۆرەی نەبووە کە بەپێی ویستی ئێمە بێت”.

وتیشی، “ڕوسیا هەڵوێستی خۆی بەڕوونی خستەڕوو، ئێمەش هەڵوێستی لایەنی خۆمان بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان پێڕاگەیاندوون”.

زیلینسکی ئاماژەی بەوە کردووە، “دوای گەڕانەوەی شاندی ئۆکرانیا بۆ کیێڤ، گفتوگۆ لەبارەی ئەوانە دەکەین کە لایەنی ڕوسی پێیڕاگەیاندین و هەڵوێستی وڵاتەکەمان بۆ گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان ئامادە دەکەین”.

لەلایەکی دیکەوە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا بە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆكی فەرەنسای ڕاگەیاندووە، مەرجیان بۆ وەستاندنی هێرشەکانیان داننانە بە دوورگەی كریمیا وەک بەشێک لە خاکی ڕوسیا، ئەندامنەبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ و دەستبەرداربوونی حکومەتی ئۆکرانیا لە نازییەکانی.

هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا گەورەترین هێرشە بۆسەر وڵاتێکی ئەوروپی لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەی ئاوارەکانی ئۆکرانیا لە سەرەتای هێرشی ڕوسیاوە تا ئێستا گەیشتووەتە 102 هەزار كەس.

بابەتی پێشتر

گەنجێك بە چەكی تاپڕ كوژرا

بابەتی دواتر

وەزارەتی تەندروستی لەبارەی قەیرانی دەرمانەوە ڕوونكردنەوە دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share