هەفتەی ڕابردوو بە داهاتی دوو مانگ، حكومەتی هەرێم مووچەی مانگی ڕابردووی مووچەخۆران دابینكرد، ڕوون نییە پلانی هەرێم بۆ مووچەی ئەم مانگە چییە، سەرچاوەیەكی بەرپرس دەڵێت، ناردنی 200 ملیارەكە چاوەڕوانی یەكلاكردنەوەی “تەرازووی پێداچوونەوە – میزان المراجعة”یە، بەرپرسێكی سامانە سروشتییەكانیش دەڵێت، سەرەڕای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، تائێستا هیچ كێشەیەك بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم دروستنەبووە.
چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو 16ی شوبات وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق ناردنی ئەو 200 ملیار دینارەی وەک سلفە بۆ تەواوکاری دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەکاردەهێنرا، دواخستووە و بەهۆیەوە بڕیاریانداوە لە داهاتی نەوتیی مانگی شوباتی 2022 دابەشکردنی مووچەی مانگی كانونی دووەم بەردەوام بێت.
بەهۆیەوە بە كۆكراوەی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكانی هەردوو مانگی كانونی دووەم و شوبات، حكومەتی هەرێم كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ڕابردووی فەرمانبەرانی هەرێم هێنا، كە مانگانە پێویستی بە 895 ملیار دینارە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا، بڕیاربوو حكومەتی ناوەند 200 ملیار دیناری هەردوو مانگی كانونی دووەم و شوبات پێكەوە بنێرێت، بەڵام تائێستا ئەو پارەیە ڕەوانە نەكراوە، ئەگەرچی مانگی شوبات لە كۆتاییەكەی نزیكدەبێتەوە.
بۆ ناردنی ئەو پارەیە حكومەتی ناوەند داوایكردبوو هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی ناوەند و هەرێم (میزانی موراجەعە) كە بریتییە لە ژمێرەی كۆتایی خەرجی و داهات، تەواوبكەن.
بەپێی زانیارییەكانی ئێستا، ئامادەكردنی (میزانی موراجەعە) لە كۆتاییەكەیدایە و حكومەتی هەرێم ئامادەیە بە داتا و زانیارییەوە بیداتەوە بە حكومەتی عێراق، بەمەبەستی بەردەوامبوونی ناردنی ئەو بڕە پارەیەی حكومەتی ناوەند دەیداتە هەرێم و بۆ تەواوكاریی مووچە بەكاردەهێنرێت.
ناردنی 200 ملیار دینارەكە بەپێی ڕێككەوتنێكی زارەكی نێوان هەرێم و ئەم كابینەیەی حكومەتی ناوەندە، بەهۆی ئەوەی تەمەنی ئەم كابینەیە لە كۆتاییدایە و بڕیارە كابینەی نوێ پێكبهێندرێت، بۆیە پاش پێكهێنانی كابینەی نوێ دەبێت دووبارە گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و ناوەند دەستپێبكەنەوە بۆ كۆتاییهێنان بە پرسی بودجە و نەوت و گەیشتن بە هەر ڕێككەوتنێكی نوێ.
بەڵام ئەمجارە ڕێككەوتن لەبەردەم ئاستەنگێكی نوێدایە، ئەوەش پاش بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دەربارەی دۆسیەی نەوت و غازی هەرێم.
سێشەممەی ڕابردوو 15ی ئەم مانگەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق هەناردە و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی بە نادەستووری ناوبرد، لە بەرامبەردا حكومەتی هەرێم بڕیاری دادگاكەی بە نادەستووری ناوزەندكرد.
سەرچاوەیەكی باڵای ئاگادار لە حكومەتی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، سەرۆكایەتی حكومەت، هەرێم و پەرلەمان، سەرجەم دەسەڵاتەكانی هەرێم لەهەوڵی ئەوەدان ئەم پرسە چارەسەربكەن، ئامادەییان دەربڕیوە لەگەڵ حكومەتی ناوەنددا یەكلایی بكەنەوە.
وتیشی، “بەپێی هەموو پێوەرەكان، ڕای حكومەتی هەرێم وایە كە سەرجەم هەنگاوەكانی لەبواری نەوت و گرێبەستەكانی بەپێی یاسای نەوت و گاز ئەنجامداوە، پێشتر ڕێككەوتن هەبووە لەسەر نووسینەوە و بڕیاردان لەسەر یاساكە، بەوپێیەی حكومەتی عێراق لە دەركردنی یاسای نەوت و گازدا دواكەوت”.
بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی ئێستا، لایەنە شیعییەكان سوورن لەسەر ئەوەی پێویستە لەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەراندا و بەمنزیكانە یاسای نەوت و غازی عێراق دابڕێژنەوە و پەسەندبكرێت، لەڕێیەوە سەرجەم كێشەكانی پەیوەندیدار بە نەوت و غاز لەنێوان هەرێم و فیدراڵ چارەسەربكرێت.
بەمەش پێدەچێت تا هاتنەدی ڕێككەوتنێكی نوێ، یان یەكلاكردنەوەی یاسای نەوت و غازی عێراق، دۆخی دارایی هەرێم بە ناجێگیری بمێنێتەوە.
دەربارەی ئەوەی ئایا لەدوای بڕیارەكەی دادگاوە گرفت بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم دروستبووە، سەرچاوەیەكی بەرپرس لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە ئێستای وت، “تائێستا هیچ كێشەیەك بۆ فرۆشتنی نەوت دروستنەبووە، چونكە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ئەگەر دەستووری و یاساییش بێت، لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجیكردنەوە ڕێوشوێنی دەوێت بۆ ئەوەی بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە”.
ئەوەشی وت، “حكومەتی ناوەندیش بۆ گرتنەبەری هەر ڕێوشوێنێك پێشتر پێویستی بە گفتوگۆیە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان”.
پێشتر (ئێستا) بڵاویكردەوە، لە ڕۆژی 27ی شوباتەوە دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگەی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم دەستپێدەکات و هۆکاری دواکەوتنیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ڕۆژانی 25 و 26ی شوبات دەکەوێتە ڕۆژە پشووەکانەوە.
لەبارەی ئەو پرسەوە سەرچاوە باڵاكەی حكومەت وتی، “بڕیارە دابەشكردنی مووچە سبەی یەكشەممە دەستپێبكات”، بەڵام حەسەن ڕەشید، بەڕێوەبەری گەنجینەی یەكی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، تائێستا هیچ بڕیارێكیان لە وەزارەتی داراییەوە پێنەگەیشتووە بۆ دابەشكردنی مووچە.
لە مانگەكانی ڕابردوودا تەواوی داهاتی نەوت (كە 350 ملیۆن دۆلار دەخرایە سەر حسابی وەزارەتی دارایی)، لەگەڵ داهاتی ناوخۆ و نانەوتی و 200 ملیار دینارەكەی بەغداد مووچەی مانگەكەی پێدابیندەكرا، بەڵام بۆ ئەم مانگە چارەنووسی 200 ملیارەكە نادیارە و ئەگەری ناردنی ئەستەمە، بەشێك لە داهاتی نەوتیش بۆ مووچەی مانگی پێشوو خەرجكراوە، بەمەش هەرێم لەبەردەم قەیرانێكی نوێی داراییدایە.
جیاوازییەكە ئەوەیە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەڵام ئایا بەرزبوونەوەكە ئەو بڕە زیاددەكات كە دەخرێتەبەردەم وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ دابینكردنی مووچە؟