لەناو وڵاتانی عەرەبییەوە كۆمەڵەی “بێ ئاینەكان” خۆی ڕادەگەیەنێت

دەنگێكی نوێ لە جیهانی عەرەبییەوە بڵند دەبێت

چالاكوانان لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەستپێشخەرییەكیان بڵاوكردەوە و ڕۆژی 22ی شوبات-یان وەك “ڕۆژی جیهانیی بێ ئاینە عەرەب زمانەكان” دیاریكرد، هەزاران كەس لە یەكەم ڕۆژدا بەشدارییان كرد.

دامەزرێنەرانی “كۆمەڵەی بێ ئاینە عەرەب زمانەكان” خۆیان وەك كۆمەڵێك نیشاندا كە دەخوازن “ناچارنەكرێن بیروباوەڕەكانیان لە جیهانی عەرەبیدا بشارنەوە”، ئەو كەسانە سەرەتا كۆمەڵەكەیان لەڕێی ئەپلیكەیشنی (كڵەپ هاوس) ڕاگەیاند، بەرلەوەی سایتێكی ئەلیكترۆنی دابمەزرێنن و لەڕێیەوە “خۆپیشاندان”ی ئەلیكترۆنی ڕابگەیەنن.

ئەوانەی دەیانەوێت بەشداریبكەن، پێویستە لەڕێی لینكێكەوە بچنە ناو سایتەكەوە.

زیاتر لە 13 هەزار چالاكوان لەڕێی ئینتەرنێتەوە لە چەندین وڵاتەوە، بەتایبەت میسر و مەغریب، پشتیوانیی خۆیان نیشاندا، وەك ئەوەی سایتەكە بڵاویكردووەتەوە.

لە تویتەریش هاشتاگی (#نحن_هنا و#22Feb22)یان بڵاوكردەوە.

یەكێك لە ئەندامانی كۆمەڵەكە و بەكارهێنەری تویتەر دەڵێت، “ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی بمێنینەوە، مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەن”، بەكارهێنەرێكی دیكە نوسیویەتی، “پێشتر لە ڕابردوودا لێرەبووین، ئێمە لە ئێستادا لێرەین و لە ئایندەش ئامادەدەبین”.

لەنێو پشتیوانانی دەستپێشخەرییەكە وەفاء سوڵتان، چارەسەركاری دەروونیی سوری ئەمریكی هەیە كە بە ڕەخنە توندەكانی لەسەر ئاینی ئیسلامی ناسراوە.

سوڵتان لە تۆمارێكی ڤیدیۆیدا دەربارەی دەستپێشخەرییەكە دەڵێت، “چەندین سەدەیە ئێمەی بێ ئاینەكان نائامادە و سەركوتكراو و هەڕەشە لێكراوین، ئەمڕۆ دۆخەكە گۆڕاوە (..) بۆ هەمووانی دەسەلمێنین كە ئێمە بە بەهێزییەوە ئامادەین، وەرنە پاڵمان”.

لە تۆمارێكی دیكەی هاوشێوەدا سەعید شعەیب، نوسەر و ڕۆژنامەنوسی میسری كە بە ڕەخنە توندەكانی لە كۆمەڵەی ئیخوان موسلمین ناسراوە دەڵێت، “مافی هەموو خەڵكە بیروباوەڕەكانی بەشێوەی ئاشتییانە دەرببڕێت”.

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی نوێنەران ناوی كاندیدانی پۆستی سەرۆك كۆماری بڵاوكردەوە

بابەتی دواتر

بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى: یەکێتی پەرۆشی بنیادنانی ھێزێکی کوردستانی یەکگرتووی پڕچەک و ڕاھێنراوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share