بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا قەیرانەکانی ئەردۆغان قوڵدەکاتەوە

زیادبوونی ناڕەزاییەکانی خەڵکی تورکیا بەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا ڕێگەخۆشکەرە بۆئەوەی حکومەتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بکەوێتە قەیرانێکی سیاسیی قوڵەوە، هاوڵاتییانی ئەو وڵاتە پسوڵەکانیان لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکەنەوە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، هاوڵاتییانی تورکیا دەستیانکردووە بە بڵاوکردنەوەی وێنەی پسوڵەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەمەبەستی پیشاندانی ئەو بەرزبوونەوەیەی لە سەرەتای مانگی کانونی دووەمەوە دەستیپێکردووە.

لەسەرەتای ئەمساڵەوە تورکیا نرخی وزەی بەرزکردەوە، لەناویشیاندا نرخی کارەبا بەڕێژەی 50% بەرزبووەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە هاوڵاتییانی تورکیا لەگەڵ هاڵاوساندا دەجەنگن (کەدەگاتە زیاتر 48% بەپێی ئامارە فەرمییەکان)، بەپێی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز تەنانەت هاوپەیمانەکانی ئەردۆغانیش رەخنەی توندی لێدەگرن سەبارەت بەو قەیرانەی ڕووی لە وڵاتەکە کردووە.

بەپێی ئامارێک کە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، ئاستی هەڵاوسانی ئابوری لە تورکیا لە مانگی کانونی دووەمدا گەیشتە نزیکەی 50% دوای هەرەسهێنانی نرخی دراوی نیشتمانیی ئەو وڵاتە، ئەوەش بارگرانیی زۆری لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتییانی تورکیا دروستکردووە.

بەپێی بۆچوونی چاودێران، زیاتر لەهەر لایەنێکی دیکەی قەیرانەکە، بەرزبوونەوەی نرخی وزە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر جەماوەری ئەردۆغان بەرلە هەڵبژاردنی داهاتوو دروستدەکات.

بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، وزە، باجی ڕێگاوبان بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانە لەداهاتەکانی دیکەدا، بەڵام ئێستا زیاتر چاو لەسەر نرخی کارەبایە کە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.

سەرجەم چین و توێژەکان نیگەرانن لەوەی وڵاتەکەی پێدا تێدەپەڕێت، محەمەد گۆکسۆی 26 ساڵ کە خاوەنی سەرتاشخانەیەکە دەڵێت، “ئێمەیان وێرانکرد، بەڕاستی لە دۆخێکی خراپداین، نەک هەر ئێمە بەڵکو هەمووان سکاڵایان هەیە”.

گۆکسۆ لە مانگی کانونی دووەمدا نرخی کارەباکەی کە پێشتر 44 دۆلار بووە بەرزبووەتەوە بۆ 104 دۆلار.

لەوبارەیەوە کەمال کلچدار ئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری ڕایگەیاند، “هیچ بڕە پارەیەکی کارەبای تایبەت بە خۆم نادەم بە حکومەت تاوەکو ئەردۆغان پەشیمان نەبێتەوە لە بەرزکردنەوەی نرخی کارەبا”.

بابەتی پێشتر

بازاڕی دراو بە دابەزینی دۆلار دەستیپێكرد

بابەتی دواتر

ستراتیژی "ئاڵای ساختە" بۆ هەڵگیرسانی شەڕ.. ڕوسیا خەریكی دروستكردنی بیانووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share