بەڕێوەبەری پەروەردە: ڕەخنەمان لە مامۆستایانی ژن لە ڕووە کارگێڕییەکەوە بووە نەک جیاوازیی جێندەری

بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی ڕوونکردنەوە لەبارەی لێدوانێکی پێشووترییەوە دەدات کە کەموکوڕییەکانی کەرتی پەروەردەی بۆ زۆریی ڕێژەی مامۆستایانی ژن گێڕاوەتەوە و دەڵێت، ڕەخنەکانمان لەڕووی ئیدارییەوە بووە نەک جیاوازیی جێندەری.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەو لێدوانەی پێشووتر سەبارەت بە کێشەکانی پرۆسەی پەروەردە کە زۆریی ڕێژەی مامۆستایانی ژن بە هۆکارەکەی دادەنێت ڕایگەیاند، “لەڕووی ئیدارییەوە قسەکەی من تەواوە، ئێمە ناچینە ناو جیاوازییە جێندەرییەکەوە، ئەگەر پیاوانیش زۆرتربوونایە و گلەییەکان ڕوو لەئەوان بوونایە بەڕاستگۆیی دەمانخستەڕوو”.

جەختیکردەوە، کە لەڕووی جێندەرییەوە هیچ کێشەیەکیان نییە و یەکێکن لەو دامودەزگایانەی کە زۆرترین ژمارەی ژن لە ناوەندەکانیاندایە، سەرڕای بوونی ژنان کە پۆست و بەرپرسیارێتییان هەیە لە کەرتی پەروەردەدا.

باسی لەوەکرد، بەوهۆیەوە لەڕووی ئیدارییەوە کێشەیان بۆ دروستدەبێت و وتی، “لەهەندێک قوتابخانە تا کۆتایی ساڵ سێ مامۆستا لە یەک وانەدا دەگۆڕین بەهۆی مۆڵەتە جیاوازەکان، بەمهۆیەشەوە دایکان و باوکان گلەیی دەکەن”.

بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی باسی لەو مامۆستایانە کرد کە مۆڵەتیانکردووە و کاتەکانیان تێپەڕیوە وتی، “ژمارەیەکی زۆر مامۆستا مۆڵەتی ساڵێکیان کردووە دواتر درێژەی کێشاوە یان چوونەتە دەرەوەی وڵات بۆ نەخۆشی و نەیانتوانیوە لەکاتی دیاریکراودا بگەڕێنەوە یان ئەو مامۆستایانەی لە ماوەی ڕابردوودا لە بیلاڕوسیا بوون ئەوانە بە وازهێنراو، یان فەسڵکردن هەژمارکراون”.

ڕاشیگەیاند، ژمارەیەک مامۆستا لە بیلاڕوسیا بوون و ئێستا هاتوونەتەوە فەسڵکراون بەڵام خوێندکارەکان وەرگیراونەتەوە، “ئێمە داوامان لە وەزارەتی پەروەردە کردووە بۆ وەرگرتنەوەی مامۆستاکانیش تاوەکو کێشەکانیان چارەسەربکرێت”.

سەبارەت بە گردبوونەوەی چەند ڕۆژی ڕابردووی خوێندکارانی پۆلی 12 بۆ کەمکردنەوەی پرۆگرامی خوێندن، مامۆستا دڵشاد عومەر وتی، ئەو خوێندکارانە کێشەکانیان لە سنووری پەروەردەی سلێمانی نییە تاوەکو بتوانین ئێمە کێشەکانیان چارەسەربکەین، داواکارییەکانیان ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە کردووە و ئێستا لە ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی دەکرێت و چاوەڕێی بڕیارین.

بابەتی پێشتر

زاملی: عەلاوی دەستیش لەكاربكێشێتەوە لە لێپرسینەوە دەربازی نابێت

بابەتی دواتر

سەرەڕای بارگرژییەكان سەرۆكی ئۆكرانیا دەچێتە میونخ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share