جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، بانگێشتكردنی وەزیری دارایی پاش داواكاریی زیاتر لە 50 پەرلەمانتار بووە و دەشڵێت، تەنانەت دەستیش لەكاربكێشێتەوە لە لێپرسینەوە دەربازی نابێت.
حاكم زاملی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، داواكاریی بانگێشتكردنی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانكی ناوەند پاش كۆكردنەوەی واژووی زیاتر لە 50 پەرلەمانتار بووە.
وتیشی، “هیچ ناكۆكییەكمان لەگەڵ وەزیری دارایی نەبووە”.
دوێنێ عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی لە پەیامێكدا بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بانگێشتەكە دوای تویتەكەی سەدر دێت لەلایەن جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانە، كە سەر بەو ڕەوتەیە بۆیە “کۆی پرۆسەکە قبوڵکراو نییە، ناکرێت بێدەنگ بین بەرامبەری، چ بۆ شکۆی حکومەت چ بۆ شکۆی وەزیر و شکۆی تایبەتی من و خێزانەکەم”.
ئاماژەشدەدات، “ئەم حکومەتە بەرپرسیار نییە لەبەردەم ھیچ حزبێکی سیاسیدا، بەڵکو بەرپرسیارە لەبەردەم گەلی عێراقی لەڕێی پەرلەمانە ھەڵبژێردراوەکەیەوە، ئەگەر وەکو حکومەت ئەم دەستوەردانە ناشیرینەی چەند حزبێکی سیاسی لە کاروباری حکومەت رەتنەکەینەوە، ئەوا سازش دەکەین لەسەر سەربەخۆیی حکومەت وەکو باڵی جێبەجێکاری دەوڵەت”.
زاملی ئەوەشی خستەڕوو، ڕەتكردنەوەی ئامادەبوون لە ئەنجومەنی نوێنەران لەلایەن وەزیری داراییەوە، دەبێتە سەرەتای دەربازبوونی وەزیران لە لێپێچینەوە.
دووپاتیشیكردەوە، “تەنانەت ئەگەر عەلاوی دەستیش لەكاربكێشێتەوە لە لێپرسینەوە دەربازی نابێت، دۆسیەمان هەیە بۆ ئیدانەكردنی”.
جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران وتیشی، “بڕیاری قەدەغەی گەشتكردن دەرهەق بە وەزیری دارایی دەردەكەن، تا كاتی ئامادەبوونی لە ئەنجومەنی نوێنەران”.