هاوڵاتییەکی ئەمریکی بەتۆمەتی ئەشکەنجەدانی کرێکارێکی کورد سزادەدرێت

داواکارانی نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا پیاوێک لە ویلایەتی پەنسلڤانیا تۆمەتبار دەکەن بە ئەشکەنجەدانی کارمەندێکی لەکاتی کارکردنی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2015دا.

وەزارەتی دادی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، ڕۆس ڕۆجیۆی تەمەن 53 ساڵ لە سترۆدسبۆرگ، تۆمەتبارە بە ئەشکەنجەدانی ئەو کارمەندە بەهەوڵی خنکاندنی بە پشتوێنەکەی و هەڕەشەکردن بە بڕینی پەنجەکانی.

جۆن جۆرگانۆس داواکاری گشتیی لە پەنسلڤانیا کە دۆسیەکەی گرتووەتەدەست دەڵێت، “ئەو کارمەندە بۆ ماوەی 39 ڕۆژ ئەشکەنجە دراوە و هێزە ئەمنییە کوردییەکان بەشدارییان لە ئەشکەنجەدانیدا کردووە”.

وەزارەتی دادی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕایگەیاندووە، “هێزە ئەمنییە کوردییەکان ئەو کارمەندەیان دەستگیرکردووە و ڕفاندوویانە بۆ ناوچەیەکی سەربازی”.

جاکلین ماگوایەر بریکاری تایبەتی نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا دەڵێت، “تۆمەتبار سوودی لە پلەکەی وەرگرتووە بۆ بەکارهێنانی ساربازانی بیانی بەمەبەستی دوورخستنەوە و ئەشکەنجەدانی.

ڕۆجیۆ سەرۆکایەتیی چەندین لێپرسینەوەی یەک لەدوای یەکی لەگەڵ ئەو کارمەندەدا کردووە بە هاوبەشیی هێزە کوردییەکان، “لە هەوڵی خنکاندن بە جانتا، بەکارهێنانی تەزووی کارەبا، لێدانی بە دەست و فشاری توند بۆسەر سنگ، هەروەها ‌هەڕەشە لێکردنی بە بڕینی پەنجەی”.

وەزارەتی داد ئاماژەی بەوەکردووە، ڕۆجیۆ پشتوێنەکەی لە ملی قوربانییەکە ئاڵاندووە و هەڵیواسیوە تاوەکو هۆشی لەدەستداوە.

ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ڕۆجیۆ کراون بۆ تۆمەتی ئەشکەنجەدانی ئەو کارمەندە بە 20 ساڵ زیندانیکردن سزادەدرێت و بۆ کۆی تاوانەکانی کە 37 تاوانە 705 ساڵ زیندانی دەکرێت.

 

بابەتی پێشتر

باوكی مباپی لە مەدریدە

بابەتی دواتر

شۆفێرانی پاسەکان دژی گرانبوونی نرخی بەنزین گردبوونەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share