ئێران كوژرانی بەرپرسەكەی قاعیدە لە وڵاتەكەی ڕەتدەكاتەوە

چەكدارانی قاعیدە

دوای ئەوەی بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاند، كەسی دووەمی ڕێكخراوی قاعیدە لە تاران لەلایەن سیخوڕە ئیسرائیلییەکانەوە کوژراوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەتیدەكاتەوە و بە “سیناریۆی هۆڵیوود” ناویدەبات.

ڕۆژی هەینی 13ی تشرینی دووەم ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی هەواڵگری واشنتۆن-ەوە بڵاویكردەوە، لە حەوتی ئاب-دا بەرپرسێکی گەورەی قاعیدە بە ناوی (عەبدوڵا ئەحمەد عەبدوڵا) کە خەڵکی میسر-ە و ناسراوە بە (ئەبو محەمەد میسری) و بەرپرسیارە لە تەقاندنەوەی دوو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە وڵاتانی کینیا و تەنزانیا لە ساڵی 1998دا، لەلایەن دوو سیخوڕی ئیسرائیلییەوە لە تاران كوژراوە.

بەپێی ڕۆژنامەكە هەر لەو ڕووداوەدا عەبدوڵا و مریەم-ی کچی کە هاوسەری حەمزەی کوڕی ئوسامە بن لادن بووە، بەهەمان شێوە كوژراون.

ئاشكراشیكردووە كوژرانی ئەبو محەمەد میسری كە وەك جێگرەوەی ئەیمەن زەواهیری، سەركردەی ئێستای قاعیدە دادەنرا، تا ئەمڕۆ بە شاراوەیی هێڵدراوەتەوە.

لە بەرامبەردا بەرپرسانی تاران ئەم دەنگۆیانە ڕەتدەکەنەوە و سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەدا، لە ئێران هیچ ئەندامێکی قاعیدە نییە و بانگەشەی بەرپرسانی واشنتۆن-ی بە “سیناریۆی هۆڵیوود” ناوبرد.

سەرەڕای ڕەتکردنەوەکانی بەرپرسانی ئێران، بەڵام کەناڵی فەرمی ئەو وڵاتە لە هەشتی ئابدا هەواڵی کوژرانی باوک و کچێکی بەڕەگەز لوبنان-ی لە تاران لە ئەنجامی دەستڕێژی گولـلەی ماتۆڕسوارێکەوە بڵاوکردەوە.

بابەتی پێشتر

پەرلەمان 13 داوای یاسایی دژ بە ئەندامێكی دەجوڵێنێت

بابەتی دواتر

مرۆڤایەتی لە چاوەڕوانی 'سەمای هەسارەكان'دا یە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share