وتەبێژی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، دەبوو لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا مافە دەستوورییەکانی هەرێم ڕەچاوبکرایە و دەشڵێت، داوامان لە هەموو لایەنەکان ئەوەیە دەستوور بۆ هیچ مەرامێکی بەرتەسکی سیاسی پێشێلنەکرێت.
ئەمین بابەشێخ، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕوونكردنەوەیەكی سەبارەت بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان بڵاوكردەوە و دەڵێت، وێڕای پاراستنی بنەماکانی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ، دەبووایە لەم بڕیارەدا مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەچاوبکرایە.
دەشڵێت، “پێویستە و دەکرێت لەم قۆناغەدا بیر لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق بکرێتەوە، نەک کێشەکان ئاڵۆزتر بکرێن. پێویستبوو دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی فیدراڵ، بە پشتبەستن بە بنەما دەستوورییەکان دانوستان لەسەر ئەم پرسە و پرسەکانی تر بکرانایە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق”.
“داوامان لە هەموو لایەنەکان ئەوەیە کە دەستوور بۆ هیچ مەرامێکی بەرتەسکی سیاسی پێشێلنەکرێت” وتەبێژی یەكێتی وادەڵێت و داواشدەكات، بۆ پرسێکی وەک یاسای نەوت و غاز و گشت پرسە چارەنووسسازەکانی تر، دەقە دەستوورییەکان جێبەجێبکرێن، لەپێناو پاراستنی سیستەمی فیدراڵی و سەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا.
لە كۆتاییشدا داوا لە گشت لایەنەکان دەکات بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی سیاسی گرفتەکان چارەسەربکرێن.
بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی كە دوێنێ دەرچوو، یاسای نەوت و غازی حكومەتی هەرێمی بە نادەستووری ناوبرد، حكومەتی هەرێم پابەنددەكات بە ڕادەستكردنی تەواوی بەرهەمی نەوت لە كێڵگەكان، دەسەڵاتی پووچەڵكردنەوەی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمیش بە حكومەتی ناوەند و وەزارەتی نەوتی عێراق دەدات.