تەندروستیی جیهانی: جیهان لەمەترسیی لەدەستدانی هەلی زاڵبووندایە بەسەر کۆرۆنا

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرایکرد، جیهان لەمەترسیی ئەوەدایە هەلی ‏سەرکەوتن بەسەر کۆرۆنا لەماوەی ئەمساڵدا لەدەستبدات، لەکاتێکدا وڵاتانی جیهان پلە بە ‏پلە سەرقاڵی هەڵگرتنی ڕێکارەکانی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەن.‏

تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ‏ڕایگەیاند، “تا ئێستا هەلی زاڵبوون بەسەر کۆرۆنا لە کۆتایی ئەمساڵدا ماوە، بەڵام جیهان ‏ڕۆژبەڕۆژ لە مەترسیی لەدەستدانی ئەو هەلە نزیکدەبێتەوە”. ‏

بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ئێستا ژمارەیەکی زۆر تووشبوو کە ‏ڤایرۆسەکە کاریگەریی کەمی لەسەریان هەیە لەو وڵاتانەی جیهان تۆمارکراون، کە ‏بەشێکی زۆر لە هاوڵاتییەکانیان ڤاکیسنیان وەرگرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکی زۆر لە ‏وڵاتان ئاستێکی زۆر نزمیان لە دابەشکردنی ڤاکسین تۆمارکردووە، “بۆیە ئەمە دۆخێکی ‏لەبار و نمونەیی بۆ دەرکەوتنی گۆڕاوی نوێ ڕەخساندووە”.‏

ئەوەشی خستەڕوو، زیاتر لە 116 وڵاتی جیهان لە مەترسییەکی ڕاستەقینەی نەگەیشتن بە ‏ئاستی دیاریکراوی ڤاکسینکردندان کە ڕێژەی 70%ی دانیشتووانیانە لە دەوروبەری ‏ناوەڕاستی ئەمساڵدا، کە شارەزایان ئەو ڕێژەیەیان بۆ ئاستی دیاریکراوی گەیشتن بە ‏بەرگریی بەکۆمەڵ دژی ڤایرۆسەکە دیاریکردووە. ‏

ئەدهانۆم جەختیکردەوە، “پێویستمان بەوەیە هانی سەرکردە سیاسییەکانی وڵاتان بدەین ‏پرۆسەی دابەشکردن و کوتانی هاوڵاتییەکانیان خێراتربکەن”. ‏

داواشی لە نووسینگەی ئەوروپای ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی کرد هەوڵەکان بۆ ‏خێراکردن و زیادکردنی پرۆسەی کوتان لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا زیاتربکەن، چونکە ‏گۆڕاوی ئۆمیکرۆن ئێستا لەماوەی گەشەکردن و بڵاوبوونەوەی چڕدایە لە ڕۆژهەڵاتی ‏ئەوروپا. ‏

هانس کلۆگە، بەرپرسی ناوچەی ئەوروپای ڕێکخراوەکە پێشتر ڕایگەیاندبوو، لە دوو ‏هەفتەی ڕابردوودا بەرزترین ڕێژەی تووشبوونیان لە هەشت وڵاتی ئەوروپای ڕۆژهەڵات ‏تۆمارکردووە.‏

 

 

بابەتی پێشتر

لێدوانی پۆچتینۆ دوای بردنەوەی پاریس لە ڕیاڵ مەدرید

بابەتی دواتر

كەمبوونەوەی مەترسییەكانی جەنگ نرخى نه‌وتی دابه‌زاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share