ماوەی چەند مانگێکە، بەهۆی کڕینیانەوە لەلایەن عەرەبە شوانکارەکان و هاوڵاتییانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە، خواست لەسەر ئاژەڵی گوێدرێژ بەرزبووەتەوە و ڕێژەشیان کەمیکردووە.
بە وتەی یەکێک لەو شوانە عەرەبانەی سەردانی پارێزگای دهۆکی کردووە بۆ کڕینی گوێدرێژ، “گوێدرێژەکانی دهۆک زیاتر بەخۆوەن و توانای کارکردنیان زیاترە، لەگەڵ ئەوەش ئاسانتر دەخرێنە ژێرکۆنترۆڵەوە و لەبەر ئەو هۆکارانە ئەو تا ئێستا حەوت گوێدرێژی لە دهۆک کڕیووە”.
عەرەبە شوانکارەکان پێیان وایە، بەهۆی سروشتی پارێزگاکەوە، گوێدرێژەکانی ناوچەکە زیاتر گەشەیان کردووە و ئەوەش ئەوەیە کە بەدوایدا دەگەڕێن.
هاوکات هاوڵاتییانی ڕۆژئاوای کوردستان، گوێدرێژ لە پارێزگای دهۆکەوە دەبەنە ڕۆژئاوا و کاری جوتیاری و گواستنەوەی زەیتون و شوانی پێدەکەن و ئەوانیش بە چەند هۆکارێک کڕیاری سەرەکی ئەو ئاژەڵەن لە دهۆک.
لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و گەشەی ئابووری وڵات، خەڵکی کەمتر ئەو کارانەی دەکرد کە پێویستی بە گوێدرێژ هەبێت، بەڵام ئەم چەند ساڵەی کۆتای خەڵکی گەڕاونەتەوە سەر کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵ.