كۆرۆنا دەخاتە ئاستی ئەنفلۆنزاوە.. بەریتانیا دەیەوێت كەرەنتینكردنی تووشبووان هەڵگرێت

بەنیازە كەرەنتینكردنی تووشبووان لە كۆتایی ئەم مانگەوە هەڵبگرێت

بەریتانیا بەنیازە كەرەنتینكردنی تووشبووانی كۆرۆنا لە كۆتایی ئەم مانگەوە هەڵبگرێت، دوای ئەوەی زۆرینەی كۆتوبەندەكانی پەیوەست بە سنووردانان بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەی لابرد.

بۆریس جۆنسن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ئەمڕۆ لە وتەیەكدا هیوایخواست كەرەنتینكردنی ئەوانەی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەسەلمێندرێت لە كۆتایی ئەم مانگەدا كۆتایی پێبهێنرێت.

بەریتانیا، كە چەند هەفتەیەكە حكومەتەكەی داوا لە دانیشتووان دەكات خۆیان لەگەڵ كۆرۆنا بگونجێنن هاوشێوەی دۆخی ئەنفلۆنزا، بە یەكەم وڵاتی ئەوروپی دادەنرێت كە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ شێوازی ژیانی بەر لە بڵاوبوونەوەی پەتاكە، ئەمەش پشتبەست بە ڕێژەی بەرزی كوتان، هاوشێوەی دانیمارك یان سوید.

سەركردەكەی پارتی پارێزگاران لە بەردەم پەرلەمانتارانی وڵاتەكەیدا ڕایگەیاند، لە 21ی ئەم مانگە جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە پەرلەمان بۆ “خستنەڕووی پلانەكەی سەبارەت بە خۆگونجاندن لەگەڵ كۆڤید”.

ئەوەشی وت، لەگەڵ بەردەوامی ڕێنوێنییە هاندەرەكانی ئێستا، پێشبینی دەكەن دەتوانن ئەودوای كۆتوبەندەكان لە وڵاتدا هەڵبگرن، لەنێویشیاندا كەرەنتین لەكاتی تووشبووندا، ئەمەش بە مانگێك بەر لە وادەی دیاریكراو.

سەرەتای ئەمساڵ بەریتانیا، كە یەكێكە لە وڵاتە زۆر زەرەرمەندەكانی پەتاكە لە ئەوروپادا بە تۆماركردنی زیاتر لە 158.600 حاڵەتی مردن، ڕووبەڕووی شەپۆلێكی پەتای توند بووەوە كە هۆكارەكەی گۆڕاوی ئۆمیكرۆن بوو.

لە 19ی كانونی دووەمی ڕابردوو جۆنسن هەڵگرتنی بەشێكی گەورەی كۆتوبەندەكانی تایبەت بە سنووردانان بۆ ئۆمیكرۆنی لە بەریتانیا هەڵگرت، ئاشكراشیكرد نایەوێت ئەو ڕێوشوێنانەی بەرامبەر تووشبووان دەگیرێتەبەر كە تا 24ی ئازاری داهاتووە درێژبكاتەوە.

هەر لەو مانگەدا ڕۆژەكانی كەرەنتینكردنی تووشبووان لە حەوت ڕۆژەوە بۆ پێنج ڕۆژ كەمكرایەوە.

بابەتی پێشتر

تەندروستیی سلێمانی كارتی ڤاكسین وەك مەرجی ڕاییكردنی مامەڵە دیاریدەكات

بابەتی دواتر

بۆردومانێكی توركیا بۆسەر خانوویەك لە حەسەكە قوربانیی مەدەنی لێكەوتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share