هەولێر.. 16 شوێنی مەساج و شێلان داخران

قائیمقامییەتی هەولێر بەدواداچوونی بۆ کاری شوێنەکانی مەساج (SPA)کرد، لەڕووی مۆڵەتەکانیان و شێواز و چۆنێتیی ئەو کارەی دەیکەن، ئەمڕۆش 16 شوێن بۆ ئەو مەبەستە دیاریکراون کە بەهۆی پابەندنەبوونیان دادەخرێن.

نەبەز عەبدولواحید قائیمقامی ناوەندی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، بەشێک لەو شوێنانە کارەکانیان بەشێوەیەکی نەشیاو و دوور لە دابونەریت ئەنجامدەدەن و وەک شوێنی لەشفرۆشییان لێهاتووە، هەندێکیشیان کارمەندەکانیان هیچ بڕوانامەیەکیان نییە و ژمارەیەکیشیان پابەندی پاکوخاوێنی نین.

ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەیەکیان مۆڵەتی تەندروستی و مۆڵەتی گشتییان نییە کە سەرجەمیان دیاریکراون، هەروەها بەدواداچوون بۆ مۆڵەتەکانی پێشوو دەکرێت و کەموکوڕییەکانیان ڕێکدەخرێتەوە.

قائیمقامی هەولێر وتی، “ئاگاداری شوێنەکان دەکەین هەرشوێنێک پابەند نەبێت ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی توند دەبێتەوە، بۆیە پێویستە بەزووترین کات سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر بکەن بۆ پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکانیان”.

نەبەز عەبدولواحید ئاشکرایکرد، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا دوای دەستپێکردنی هەڵمەتەکانی داخستن و سزادانی ئەو شوێنانەی کاری نەشیاویان تێدادەکرێت سەرپێچییەکان بەڕێژەیەکی زۆر کەمبوونەتەوە.

باسی لەوەکرد، لیژنەکان لە ڕێستۆرانتەکانیش بەردەوام دەبن لە بەدواداچوونەکانیان، دوێنێ بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان دوو ڕێستۆرانت داخراون.

هەروەها دکتۆر دلۆڤان بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر ڕایگەیاند، “ڕێنماییەکانمان داوە بە هەموو شوێنەکان کە دەبێت لە چ ئاستێکدا چەند ئەستێرەبن، دەبێت کارمەندەکانیان بڕوانامەیان هەبێت، دەبێت پابەندی یەکپۆشی بن و پێویستە سەرجەم کەرمەندەکانیان کارتی تەندروستییان هەبێت”.

ئەمڕۆ 16 شوێن دادەخرێن کە هەریەکەیان بەشێوازی جیاواز پابەندنەبوون.

بابەتی پێشتر

هندستان نەوتی زیاتر لە عێراق دەكڕێت

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە یادی مورافەعەکە: کەرکوک و کەرکوکییەکان ھێڵی سوورن و ‏سازش لە یەک بست خاک ناکەین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share