كات نەماوە.. سەرۆك فراكسیۆنەكان هەمواری یاسای هەڵبژاردن تاوتوێدەكەن

سەرۆكایەتیی پەرلەمان هۆشداریداوە بە فراكسیۆن و لایەنەكان بەوەی كاتیان لەبەردەستدا نییە

ئەمڕۆ سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان كۆدەبنەوە، پرسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن تاوتوێدەكەن، پێشتر سەرۆكایەتیی پەرلەمان هۆشداری دابوو لەوەی چیتر كاتیان لەبەردەستدا نییە و وا بڕوات هەڵبژاردن دوادەكەوێت.

هەفتەی ڕابردوو سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، لە زاری هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە هۆشداری دا لەوەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و هەروەها كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دواكەوتووە و كاتێكی وایان لەبەردەمدا نەماوە، بۆیە ماوەی چەند ڕۆژێكی دا بە فراكسیۆنەكان تا لەوبارەیەوە بگەنە ڕێككەوتن و هەڵوێستی كۆتایی لایەنەكانیان بگەرێننەوە.

بۆیە ئەمڕۆ بڕیارە سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی پرسەكەوە كۆببنەوە، دیار نییە كۆتا بڕیار و هەڵوێستی لایەنەكانیان پێیە و لەبارەی هەمواری یاساكە و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن ڕێكدەكەون، یان نا.

پێشتر كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان زیاتر لە جارێك ڕایگەیاندووە، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێویستی بە نزیكەی شەش مانگ ئامادەكارییە، بۆیە بەپێی ماوە یاساییەكان، پێویستە تا مانگی ئادار یاسای هەڵبژاردن هەمواركرابێتەوە و بڕیاریش لە چارەنووسی كۆمسیۆن درابێت.

لە یاسای هەڵبژاردندا لایەنەكان لەبارەی ژمارەی بازنەكانی هەڵبژاردن ناكۆكن، پارتی دەیەوێت یەكبازنە بێت و لایەنە سەرەكییەكانی دیكەش لەگەڵ فرەبازنەییدان.

هەروەها پارتی دەیەوێت كۆمسیۆن هەمواربكرێتەوە و ژمارەی ئەندامەكانی زیاتر بكرێن، كە ئێستا 9 ئەندامن، ویستی هەیە لە كۆمسیۆنەكە ببێتە زۆرینە، بەڵام لایەنەكانی دیكە بە گشتی لەگەڵ مانەوەی كۆمسیۆنن وەك خۆی.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share