پەرلەمانتارێکی کورد کۆڵبەران تۆمەتباردەکات بە گواستنەوەی چەک و مەشروب

نوێنەری شارەکانی بانە و سەقز لە پەرلەمانی ئێران، کۆڵبەران بەوە تۆمەتباردەکات کە چەک و مەشروب دەگوازنەوە و کارەکانیان وەک پێشتر نین.

بەهزاد ڕەحیمی، نوێنەری خەڵکی بانە و سەقز لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی “تەسنیم” ڕایگەیاندووە، “دیاردەی کۆڵبەری زۆر ئاڵۆزترە لەوەی پێوەی دیارە، کۆڵبەری تەنیا تایبەت نییە بە پارێزگای کوردستان بەڵکو لە هەموو پارێزگاکانی سنووری ڕۆژئاوای ئێراندا بوونی هەیە و ئێستا کارەکە گۆڕاوە”.

ڕەحیمی لە بەردەوامیی قسەکانیدا وتوویەتی، “کۆڵبەران چیدی تەلەڤیزیۆن و ساردکەرەوە ناگوازنەوە چونکە ئەم کاڵایانە چیتر هاوردەناکرێن، ئەمڕۆكە کۆڵبەران بۆ مەبەستگەلی دیکە وەکو قاچاخیی چەک و مەشروب بەکاردەهێندرێن.”

ئەو پەرلەمانتارە کوردە لە پەرلەمانی ئێران هێرشیکردووەتە سەر کۆڵبەران و دەڵێت، “کۆڵبەران بەهۆی ئەو پارە زۆرەی دەستیان دەکەوێت لە مووچەی زۆر شوێنی وڵات گەورەترە بۆیە واز لە کۆڵبەری ناهێنن”.

ڕەحیمی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتویەتی، ئەو کەسایەتییە دەستڕۆیشتووانە بەناوی کۆڵبەرەوە قاچاخیی گەورە دەکەن و دواتریش بە بانگەشەی کوشتنی کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکان، پەیام لەدژی کۆماری ئیسلامی دەدەن بەگوێی خەڵیکدا، لەکاتێکدا لە پارێزگای سنە شتی وا ڕوونادات و ئەمانە دوورن لە ڕاستی.

تۆمەتبارکردنی کۆڵبەران بە قاچاخچێتی، مێژوویەکی چەند ساڵەی هەیە لە ئێران و پێشتریش لە جێگای چارەسەركردن، هەوڵی خراپکردنی ناوی کۆڵبەر و پیشەکە دراوە.

بابەتی پێشتر

هەولێر.. تەقە لە بنکەی پۆلیسی خەبات کرا

بابەتی دواتر

مردووە زیندووەکە: ئامادەم و لە مۆندیالی قەتەر دەبم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share