هەواڵگریی ئەمریکا: کیێڤ لە تەنها دوو ڕۆژدا دەکەوێت

لەگەڵ بەردەوامیی هەڵكشانی ئاڵۆزییەکانی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا، ڕاپۆرتیكی ‏هەواڵگریی ئەمریکا ئاماژە بە خێراکردنی ئامادەکارییەکانی ڕوسیا بۆ گرتنی ئۆکرانیا ‏دەکات، پێشبینیش دەکات کیێڤ لە دوو ڕۆژدا بکەوێت لە حاڵەتی هێرشکردنی ڕوسیا بۆ‏سەر ئەو وڵاتە. ‏

لەوبارەیەوە دوو بەرپرسی ئەمریکی کە نەیانویستووە ناوەکانیان ئاشکرابکرێت، بە ‏ئاژانسی ڕۆیتەرزیان وتووە، ئێستا 70%ی هێزە شەڕکەرەکانی ڕوسیا ئامادەکراون بۆ ‏گرتنی ئۆکرانیا و ئامادەکارییەکانیش خێراییەکی زیاتریان پێدراوە لەلایەن مۆسكۆوە.‏

بە پێشبینیی ئەو دوو بەرپرسە، لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕدا ئۆكرانیا لە تەنها دوو ‏ڕۆژدا دەكەوێت.‏

بەپێی وتەی ئەو دوو بەرپرسە ئەمریکییە، لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ڕوسیا ‏ژمارەی کەتیبە تەکتیکییەکانی لە سنوورەکانی لەگەڵ ئۆکرانیا لە 60 کەتیبەوە بۆ 83 ‏کەتیبە زیادکردووە، لەگەڵ 14 دەستەی دیکە کە ئێستا لە گواستنەوەدان بۆ ئەو ناوچەیە. ‏

لەگەڵ ئەوەشدا ڕاپۆرتەکەی هەواڵگریی ئەمریکا ئەوەی ئاشکرا نەکردووە کە ڤیلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا بڕیاری ئەنجامدانی هێرشيکەی داوە یان نا، لەگەڵ ئەوەشدا پوتن دەیەوێت سەرجەم بژاردەکان لەبەردەمیدابن.

ئەو بژاردانەش ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێکی سنووردارە، کە کۆنترۆڵکردنی هەرێمی دۆنباس لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەگرێتەوە، یان ئەنجامدانی هێرشێكی بەرفراوان و گشتگیر، بەپێی هەواڵگریی ئەمریکا.

لە دوایین هەڵوێستیشیدا سوپای ئەمریکا گەیشتنی پاڵپشتییە سەربازییەکانی بە پۆڵەندا ‏ڕاگەیاند لەمیانی دڵنیاییدان بەو وڵاتە هاوپەیمانانەی کە نیگەرانن لەو ئاڵۆزییانەی لە ‏سنوورەكانی ڕوسیا – ئۆكرانیا لە ئارادان.‏

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئێوارەی دوێنێ سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، ژەنەراڵ کریستۆڤێر ‏دوناهیۆ فەرماندەی فیرقەی 82ی سوپای ئەمریکا گەیشتووەتە پۆڵەندا. ‏

هەروەها وتەبێژی فەیلەقی 18ی ئاسمانیی سوپای ئەمریکا، کە بەشێکن لەو هێزانەی ‏گەیشتوونەتە پۆڵەندا ڕایگەیاند، “هێزەکانمان لە چێوەی پاڵپشتییەکانی سوپای ئەمریکا لە ‏ئەوروپان بۆ پیشاندانی پابەندییەکانمان بەرامبەر بە وڵاتانی هاوپەیمانمان لە ناتۆ”. ‏

ئاماژەی بەوەشکردووە، فەیلەقی 18 ڕاهێنانی توندی شەڕکردنیان وەرگرتووە، “ئامادەن ‏بۆ پاڵپشتیکردنی تواناکانی هاوپەیمانەکانمان بۆ وەڵامدانەوەی دوژمنکارییەکانی ڕوسیا و ‏شکستپێهێنانی لە حاڵەتی هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا”. ‏

لای خۆیەوە برگينسلاڤ ليچينسكی وتەبێژی سوپای پۆڵەندا لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، ‏‏”بەشێک لە هێزەکان گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەی یسیۆنکا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵات”، ‏هەروەها بەشێکی دیکەی هێزە ئەمریکییەکان کە لە هەزار و 700 سەرباز پێکهاتوون، ‏بەمنزیکانە دەگەن. ‏

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، سێ هەزار سەربازیان ڕەوانەی ‏ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا کردووە بۆ پاڵپشتیکردنی هاوپەیمانەکانیان لە ناتۆ لە “هەر ‏دەستدرێژییەک”.‏

بابەتی پێشتر

هەولێر.. دوای گیانلەدەستدانی گەنجێک کەسوکارەکەی زێرەڤانییەک بریندار دەکەن

بابەتی دواتر

بەهۆی تیرۆركردنی دادوەرەکەی میسانەوە ئەنجومەنی دادوەری لە هێزە ئەمنییەكان ‏نیگەرانە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share