بازاڕی نەوت لەسەروو 93 دۆلارەوە داخرا

نرخی نەوت بەرزبوونەوەیەکی دیکەی پێوانەیی تۆمارکرد، داخستنی بازاڕی نەوت لەسەروو 93 دۆلارەوە بۆ هەر بەرمیلێک برێنت جێگیربوو، ئەوەش بەرزترین نرخە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی 2014ـەوە.

نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لەکاتی داخستنی بازاڕدا 93.27 دۆلار جێگیربوو، بەبڕی 2.16 دۆلار و ڕێژەی 2.37% نرخەکەی بەرزبووەوە.

هەروەها بەرمیلێک نەوتی خاوی تەکساس نرخەکەی گەیشتە 92.31 دۆلار، بەبڕی 2.04 دۆلار و ڕێژەی 2.26% بەرزبووەوە.

لە مانگی ڕابردووەوە نرخی نەوت بەردەوامە لەبەرزبوونەوە هاوشانی مەترسییەکانی وڵاتان بۆ قەدەغەی هاتوچۆ و گەڕانەوەی ڕێکارەکانی سەر گەشتکردن بەهۆی بڵاوبوونەوەی زۆری ئۆمیکرۆنەوە.

ڕۆژی چوارشەممە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت (ئۆپیک+) بڕیاریاندا بە زیادکردنی بەرهەمهێنان بە بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.

کارستن فریچ شیکەرەوەی بازاڕی نەوت بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وتووە، هۆکاری بەرزبوونەوەی زۆری ئەمدواییەی نرخی نەوت بۆ ئەو شەپۆلی سەرمایە دەگەڕێتەوە کە ویلایەتی تەکساسی گرتووەتەوە، بەهۆی مەترسییەکان لە لەکارکەوتنی ناوچەی نەوتی بێرمیان کە گەورەترین ناوچەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکایە.

بەپێی جاودێرانی بازاڕی نەوت، یەکێکی دیکە لە پاڵنەرەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت مەترسییەکانە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا و ئەگەری دروستبوونی جەنگ.

بابەتی پێشتر

گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا لە ئەمریكا 900 هەزار حاڵەتی تێپەڕاند

بابەتی دواتر

چۆن چین بووەتە پێشەنگی کشتوکاڵ لە جیهاندا؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share