وەزیری ناوخۆ: دەسەڵاتی دادوەری وەک پێویست گرنگی نەداوە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕەخنە لە دەسەڵاتی دادوەری دەگرێت بەوەی وەک پێویست گرنگییان بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان نەداوە، داواشدەکات دادگاکان تاوانبارانی دۆسیەکانی لەو جۆرە پەیوەستنەکەن بە کەفیلەوە.

لە وۆرکشۆپی تایبەت بە پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژناندا، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ ڕایگەیاند، “هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2011 یاسای ژمارە هەشتی دەرکرد کە تایبەتە بە پرسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی خێزان و ئەوەش دەستپێشخەرییەک بوو لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوە کرد، دوای دەرچوواندنی یاساکە دەرکەوت کە خوودی یاساکە بۆشایی یاسایی تێدایە، هەروەها کەموکوڕیش لە پاراستنی مافی قوربانییەکاندا هەبووە لەناو یاساکەدا.

وتیشی، “بەهۆی ئەو کەموکوڕییانەوە بەپێویستمانزانی گۆڕانکاری لە یاساکەدا بکەین و یاساکە دەبێت لە ناونیشانەکەیەوە جەخت لەسەر مافی ژنان بکاتەوە بۆیە ناوی یاساکە کرا بە “بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەت و خێزان”، کە پێشتر توندوتیژیی دژی خێزان بووە”.

جەختیکردەوە، “ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندین بە پاراستنی تەواوی مافی ئافرەتان و هەروەها پابەندبوونی تەواو بە جێبەجێکردنی سەرجەم یاساکانی پاراستنی مافی ژنان”.

ڕێبەر ئەحمەد باسی لەوە کرد، دەرچوواندنی یاسا ئاسانترین هەنگاوە، ئەرکە قورسەکە لە جێبەجێکردنی یاساکەدایە، کە ئەرکی دامەزراوەکانی حکومەتە و “ئێمەش پێداگری دەکەین لە جێبەجێکردنی سەرجەم یاساکان وەک خۆیان”.

سەبارەت بە دەسەڵاتی دادوەری، وەزیری ناوخۆ ڕایگەیاند، “لە دەرئەنجامی یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2011 هەستمان بە گرنگینەدانی دەسەڵاتی دادوەری بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان کردووە، بۆیە داوا لە دەسەڵاتی دادوەری دەکەین بە جددیتر کاری بۆبکەن و پێویستە دادگای تایبەتمەندیش بە پرسی توندوتیژیی دژی ژنان و خێزان دروستبکرێت”.

“نابێت بیانووی نەبوونی دادوەری پێویست ببێتە ڕێگر لە جێبەجێکردنی یاساکە، هەروەها نابێت تاوانبارانی توندوتیژی دژی ژنان پەیوەستبکرێن بە کەفیلەوە لە کاتی پرۆسەی دادگاییکردنیاندا، بۆیە تکادەکەین ئەوانەی توندوتیژی ئەنجامدەدەن یان تاوانی چەک ئەنجامدەدەن کەمترین کات پەیوەستبکرێن بە کەفیلەوە” وەزیری ناوخۆ ئاماژەی پێکرد.

وتی، “دەمەوێت بە دادوەران بڵێم ئێمە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن توانایەکی زۆری مرۆیی و ماددی خەرجدەکەین بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران بەڵام لە دادگاکان بە بڕیارێکی سادە تاوانبار ئازاد دەکرێت، بە کەفالەت دەستەبەری بۆ دەکرێت و ئازاد دەکرێت بۆیە دەبێت پێداچوونەوە بەو بابەتەدا بکرێت”.

بابەتی پێشتر

ناوی كاندیدانی پۆستی سەرۆك كۆمار ئاشكراكرا

بابەتی دواتر

هەوڵێكی پارتی بۆ ساختەكردن لە خۆپیشاندانەكانی بەغداد شكستیهێنا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share