ڕێکخراوی یونسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدەدات لە مەترسییەکانی سەر سەدان منداڵ لە هێرش و ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان هەسەدە و چەکدارانی داعش لە حەسەكە، دوای هەوڵی هەڵاتنی چەكدارانی داعش لە زیندانی غوێران.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان “یونسێف” ڕایگەیاندووە، 850 منداڵ لەناو پێکدادان و ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداریدان، بەهۆی هێرشی داعش بۆسەر زیندانی غوێران و ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان چەکدارانی داعش و هێزەکانی سوریای دیموکرات، بە پاڵپشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان کە ماوەی شەش ڕۆژە بەردەوامە.
جولیێت تۆمان بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی یونسێف لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی وتووە، “زۆر سەختە پێشبینی ئەو کارەساتانە بکەین کە منداڵان لەو پێکدادانەدا دەیبینن”، بەڵام نەیشاردەوە كە “ژیانی ئەو منداڵانە لەمەترسییەکی جددیدایە”.
لەدوای هەوڵەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووی چەکدارانی داعش بۆسەر زیندانی غوێران لە حەسەکە، ژمارەیەك چەکداری داعش لەو زیندانە هەڵاتن، بەڵام هەسەدە دەستگیركردنەوە و خۆرادەستكردنی 550 چەكداری هەڵاتووی داعشی ڕاگەیاند و باسیش لە كوژرانی نزیكەی 200 چەكداری دیكە كراوە.
یونسێف داوادەکات، پێکدادانەکان ڕابگیرێن لەپێناو گواستنەوەی ئەو منداڵانەی لە ناوچەكەن، کە ژمارەیان زیاترە لە 850 منداڵ و هەندێکیان تەمەنیان دەگاتە 12 ساڵ، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوەدەکات ئەگەری هەیە لەناو کوژراوەکاندا منداڵ هەبن، بەڵام تائێستا نەیانتوانیوە دەستیان بە ئامارەکان بگات.
زیندانی غوێران گەورەترین زیندانی تایبەت بە چەكدارانی داعش و كەسوكارەكانیانە لە هەموو جیهان، کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتە لە ڕۆژئاوای كوردستان.