بەبێ ڕەزامەندی كورد پرۆژەیاسای قەرزكردن پەسەندكرا

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

بەبێ ڕەزامەندی و بەشداری فراكسیۆنە كوردییەكان ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژەیاسای قەرزی تایبەت بە دابینكردنی موچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵی پەسەندكرد.

دانیشتنەكەی پەرلەمان بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو تیایدا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی فراكسیۆنەكانی شیعە و سوننەی پەرلەمان دەقی پرۆژەیاساكە پەسەندكرا.

بەهۆی ناڕەزایی كورد لەسەر بڕگەی تایبەت بە پشكی هەرێم، فراكسیۆنە كوردییەكان دانیشتنەكەیان جێهێشت.

بڕیاربوو دانیشتنەكە ئێوارەی دوێنێ ئەنجامبدرێت، بەڵام دوای ئەوەی سەرجەم فراکسیۆن کوردستانییەکان بەهۆی ناڕەزاییان لە ڕاپۆرتی لیژنەی دارایی لەسەر پرۆژەیاساكە بایکۆتیان کرد، دانیشتنەكە بەهۆی نەبونی نیسابی یاسایی دواخرا.

بەپێی پرۆژەكە هەرێم بەمەرجی ڕادەستكردنی نەوت بە كۆمپانیای سۆمۆ بەپێی ئەو بڕەی كۆمپانیاكە دیاریدەكات، لەگەڵ ڕادەستكردنی داهاتە نانەوتییە فیدڕاڵییەكان پشكی لەلایەن حكومەتی بەغدادەوە پێدەدرێت.

بۆ خوێندنەوەی دەقی پرۆژە یاساكە كلیك لێرە بكە.

دوێنێ شیروان میرزا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، بە مەرجی ئەوە دەنگ بە پرۆژەیاسای پڕكردنەوەی کورتھێنانی دارایی (قەرزکردن) دەدەن کە پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاساکەدا، دەستەبەربکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، “ژمارەیەک لایەنی سیاسی بەرھەڵستی لە ناردنی پشکی ھەرێمی کوردستان دەکەن بە بیانووی ئەوەی گوایە ھەرێم پابەندنییە بە ڕادەستکردنی نەوت و داھاتی دەروازە سنوورییەکان بە حکومەتی عێراق”.

شیروان میرزا وتیشی، ئەو لایەنانە “هەوڵدەدەن بڕگەیەک لە پڕۆژەیاساكەدا زیادبکەن کە ھەرێمی کوردستان پابەنددەکات 480 ھەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لەگەڵ داھاتە نانەوتییەکان ڕادەستی حکومەتی عێراق بکات، ئەوەیش لە بەرامبەر پێدانی شایستە داراییەکانی ھەرێم” كە بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە “ناواقعییە و قابیلی جێبەجێکردن نییە، جگە لەوەیش درز دەخاتە نێوان ھەردوولا”.

بابەتی پێشتر

مەترسیدارتر لە كۆرۆنا.. شێرپەنجەیەك ڕەحم بە ژنانی جیهان ناكات

بابەتی دواتر

ترەمپ ویلایەتى ئالاسكاى بردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share