سەدر ئۆباڵی هێرشەكانی ئەمدواییە دەخاتە ئەستۆی شوێنكەوتووانی چێوەی هەماهەنگی

سەرۆكی ڕەوتی سەدر پەنجەی تۆمەت بۆ شوێنكەوتووانی چێوەی هەماهەنگی ڕادەكێشت لەو هێرشانەی بەمدواییە بۆسەر بارەگای لایەنەكانی “لایەنگری حكومەتی زۆرینە” ئەنجامدراون.

موقتەدا سەدر، سەرۆكی ڕەوتی سەدر لە نوێترین تویتدا دەڵێت، هەندێك لە لایەنە سیاسییە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن و ناڕازی بەرامبەر “حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی” پەنایان بردووەتەبەر دادگای عێراق، ئەوان هیچ لێدوانێكیان لەسەری نەبووە، بەڵام لە ڕێوشوێنە یاساییەكەدا نەگەیشتوونەتە ئامانجی خۆیان.

وتیشی، “بەڵام كاتێك هەندێك لەوانەی لەسەر ئەوان حسابن پەنا بۆ توندوتیژی و بەئامانجگرتنی بارەگای پارتەكانی لایەنگری حكومەتی زۆرینە ببەن، ئەمە عەقل و شەرع و یاسا قبوڵی ناكات”.

سەدر لە تویتەكەیدا ناوی هیچ لایەنێكی نەهێناوە، بەڵام ڕوونە مەبەستی لایەنەكانی “چێوەی هەماهەنگی”یە كە ژمارەیەك لە هێز و گروپە شیعییەكان دەگرێتەوە.

سەدر داواش لە كەسانی هۆشیاری ئەو لایەنانە دەكات پەلەبكەن لە وەستاندنی پەلامارەكان. هەروەك داواش لە حكومەت دەكات ڕێوشوێنی ئەمنی بگرێتەبەر و پەلەبكات لە ئاشكراكردنی ئەنجامدەرانی.

تویتەكە لەكاتێكدایە ئێوارەی ئەمڕۆ نوسینگەی شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە كەركوك بە بۆمب هێرشیكرایەسەر.

هەفتەی ڕابردووش بارەگاكانی پارتی و تەقەدوم لە بەغداد لە دوو هێرشی جیاوازدا كرانە ئامانج.

بابەتی پێشتر

لە چەند ناوچەیەك دابەشكردنی مووچە ڕاگیرا

بابەتی دواتر

هاتوچۆی سلێمانی بۆ شۆفێران: لە ماڵەکانتان مەیەنەدەرەوە، شۆفێریکردن مەترسیدارە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share