ناسنامەی نۆ تەرمی سێ بەلەمە نوقمبووەكەی كۆتایی ساڵی ڕابردوو یەكلابوونەتەوە و ‏كوردن

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ئاشکرایکرد، ناسنامەی نۆ تەرمی دۆزراوە لە ‏نوقمبوونی سێ بەلەمەکەی ڕۆژانی 21، 22 و 23ی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ‏ڕابردوو یەکلاییبوونەتەوە سەرجەمیان کوردن. ‏

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، ئاری جەلال بەرپرسی دەزگای لوتکە ڕایگەیاند، ‏لەو سێ بەلەمەی لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا لە ئاوەکانی یۆنان ‏نوقمبوون، تائێستا تەنها نۆ تەرمیان ناسنامەکانیان یەکلایی بوونەتەوە و سەرجەمیان کورد ‏بوون.‏

وتیشی، ژمارەیەک تەرمی دیکە دۆزراونەتەوە، بەڵام تائێستا ناسنامەیان یەکلایی ‏نەبووەتەوە و “گومان دەکەین ئەوانیش کوردبن”. ‏

سەبارەت بە هەوڵەكان بۆ دەرخستنی ناسنامەی ئەو تەرمانەی ماون، ئاماژەی بەوەکرد، ‏سامپڵی ‏DNAیان لە کەسوکارەکانیان وەرگرتوون و لەماوەیەکی نزیکدا ڕەوانەی دەکەن ‏بەمەبەستی ناسینەوەیان. ‏

بەرپرسی دەزگای لوتکە سەبارەت بە هێنانەوەی تەرمی نۆ کۆچبەرەکەی دیکە دەڵێت، ‏‏”نازانین کەی دەیانگەڕێنینەوە، لەهەوڵداین تەرمە نەناسراوەکانیش یەکلاییبکرێنەوە دواتر تەرمەکان دەگەڕێنرێنەوە”. ‏

بەپێی ئاماری دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران، لەساڵی 2021دا زیاتر لە 53 ‏هەزار کەس کۆچیانکردووە، کۆی گشتیی قوربانییەکان 88 کۆچبەربوون، کە 45 ‏کۆچبەریان گیانیان لەدەستداوە و 43 کۆچبەریش بێسەروشوێنن.‏

بابەتی پێشتر

مێسی و ڕامۆس واتا 17 ملیۆن یورۆی بەهەدەردراو !

بابەتی دواتر

دوو ئۆتۆمبێل لەو هەشت ئۆتۆمبێلەی لە هەولێر براون نەدۆزراونەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share