شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئاشکرایکرد، 62 سوری لە سنووری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپادا دەستگیرکراون، کە ویستوویانە لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە خۆیان بگەیەننە هەرێم.
بەپێی ڕاگەیەندراوی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ئەو 62 کەسە بە نایاسایی سنوورەکانیان تێپەڕاندووە و ئێستا دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەی یاساییان بەرامبەر دەکرێت.
بەهۆی ئەوەی دەروازەی سنووریی پێشخابوور داخراوە و ڕێگە نادرێت بەشێوەی فەرمی بێنە باشووری كوردستان، بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە ڕۆژئاواوە خۆیان بگەیەننە هەرێمی کوردستان، بەنافەرمی سنوورەکان تێدەپەڕێنن، بەڵام هەندێکجار لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە دەستگیردەکرێن.
ماوەی مانگێکە تاکە سنووری نێوان ڕۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان داخراوە و تەنها ڕێگا بەو کەسانە دەدرێت هاتوچۆبکەن، کە لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا کاردەکەن.