ئاسایش: چەند كەسێك بەتۆمەتی سوتاندنی كتێبخانەی پیرەمەگرون دەستگیركران

لەسەر ڕووداوی سوتاندنی بینای كتێبخانەی پیرەمەگرون لەمیانەی خۆپیشاندانێكدا لە شارۆچكەكە، ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، چەند تۆمەتبارێك دەستگیركراون و دانیان بەتاوانەكەیاندا ناوە.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، لە مانگی تشرینی دووەمی 2021 لەكاتێكدا ژمارەیەک لە دانیشتووانی شارۆچکەی پیرەمەگرون بە مەبەستی خستنەڕووی چەند داواکارییەکی خزمەتگوزاری خۆپیشاندانی هێمنانەیان ئەنجامدا، “چەند کەسێکی ڕاسپێردراو بەپێی بەرنامەیەکی داڕێژراو بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامی و بە مەبەستی دروستکردنی ئاژاوە” کات و ساتی خۆپیشاندانەكەیان قۆستەوە.

دەشڵێت، لە کردەوەیەکی دوور لە نەریتی خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە، دەستیانکرد بە سوتاندنی یەکێک لە ناوەندە زانستی و ڕۆشنبیرییەکانی شارۆچکەی پیرەمەگرون کە ئەویش کتێبخانەی گشتیی پیرەمەگرونە لەگەڵ سەنتەری ڕۆشنبیریی منداڵان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی وەک بەڕێوبەرایەتیی ناحیە و فەرمانگەی هاتوچۆ و فەرمانگەی کارتی نیشتمانی.

ئاسایشی سلێمانی ڕوونیكردەوە، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش هێزەکانیان هەستان بە دەستنیشانکردن و دەستگیرکردنی ژمارەیەک لەو کەسانەی دەستیان هەبوو لە گۆڕینی ئاڕاستەی خۆپیشاندانەكە و لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە دانیاننا بە ئەنجامدانی ئەو تۆمەتەی ڕووبەڕوویان کرابووەوە.

لەئێستاشدا تۆمەتباران لەسەر فەرمانی دادوەر بەپێی ماددەی 342 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.

بابەتی پێشتر

لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 28 هەزار كۆچبەر بە كەناڵی مانش-دا پەڕیونەتەوە

بابەتی دواتر

سه‌ركرده‌یه‌كى چێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى: به‌مه‌رج ڕازین به‌ پێكهێنانى حكومه‌تى زۆرینه‌

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share