سوپای پاسداران دەڵێت کۆمەڵێک چەکداری ئۆپۆزسیۆنی بەلوچییان کوشتووە

غوڵام شەبخش، سەرکردەی چەکداری بەلوچ

سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییدا لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، شەش چەکداری ئۆپۆزسیۆن کوژراون، کە لەناویاندا “غوڵام شەبخش”ی سەرکردەی چەکداریی بەلوچی تێدایە.

غوڵام شەبحش، یەکێک بوو لە سەرکردە چەکدارییە ناسراوەکانی نەتەوەی بەلوچ لە ئێران و ئێستا هەواڵی جۆراوجۆر لەبارەی کوشتنییەوە بڵاودەکرێتەوە.

سوپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، “لە ئۆپەراسیۆنێکدا غوڵام شەبخش و پێنج چەکداری دیکە کوژراون و دەست بەسەر چەکەکانیاندا گیراوە”.

لە هەمان کاتدا کەناڵی تێلگرامی “حال وش”ی بەلوچی هەواڵی کوشتنی غوڵام شەبخش یان ڕەتکردووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی سوپایی پاسداراندا هاتووە “شوێنی مانەوەی ئەو چەکدارە بەلوچیانە وێران کراوە و لەگەڵ ئەوەش پێنج چەکداری دیکە بریندار بوون و سێ ئەندامی سوپاش کوژراون”.

لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک میدیاکانی نزیک لە سوپا وێنەی غوڵام شەبخشیان بە کوژراوی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام تۆڕی میدیایی ئێستا لەبەر پابەندبوون بە بنەما پیشەییەکانی کاری ڕۆژنامەوانی وێنەکە بڵاوناکاتەوە.

بەلوچییەکان لە سۆشیاڵمیدیا ئاماژە بەوەدەکەن، سوپای پاسداران بە تۆپ هێرشیکردووەتە سەر گوندێک بەناوی “شورو” و لە ئەنجامدا ژن و منداڵێک کوژراون.

لە دوای عەبدولمالیک ڕیگی، ڕێبەری چەکداری بەلوچییەکان، چەندین کەس وەک ئۆپۆزسیۆنی چەکداری وەک بەریگرن لە مافی بەلوچییەکان چەکیان هەڵگرتووە.

عەبدولمالیک ڕیگی، لە ساڵی 2010 لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستگیرکرا، کاتێک لە ئیماراتەوە دەیوست گەشتبکات، بەڵام لە ئاسماندا سوپای پاسداران فڕۆکە مەدەنییەکەیان ناچار بە نیشتنەوە کرد و عەبدولمالیک ڕیگی یان دەستگیرکرد.

بابەتی پێشتر

گۆڕاوى ئۆمیكرۆن خوێندنى له‌ زانكۆكانى ئه‌مریكا كرد به‌ ئۆنلاین

بابەتی دواتر

كه‌مبوونه‌وه‌ى ڕێكکاره‌كانى ته‌ندروستى ڕێژه‌ى هاتنى گه‌شتیارانى بۆ هه‌رێم زیادكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share