پڵنگێك دوو هاوڵاتیی زاخۆ برینداردەكات

پڵنگەكە كە لەلایەن دانیشتوویەكی گوندەكەوە وێنەی گیراوە

لە گوندێكی سەر بە ئیدارەی زاخۆ پڵنگێك دوو هاوڵاتی برینداردەكات و هەڵدێت، سەرۆكی ڕێكخراوێكی بواری پاراستنی ئاژەڵانیش دەڵێت، پڵنگەكە بریندارە و هەوڵی گرتنی دەدەن.

د. سلێمان تەمەر، سەرۆکی ڕێكخراوی کوردستان بۆ پاراستنی مافی ئاژەڵان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی زرێزەی سەر بە قەزای باتیفا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، پڵنگێک لەلایەن هاوڵاتییانی گوندەكەوە بینراوە کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بوو كەوتبووە تەڵەیەكەوە، هاوڵاتییانی گوندەکە لێی نزیكدەبنەوە بۆ كردنەوەی تەڵەكە، بەڵام لەوكاتەدا پڵنگەکە دوو هاوڵاتی برینداردەکات و هەڵدێت.

وتیشی، “بەهۆی تەڵەكەوە پێیەکی پڵنگەکە شکاوە، ئێمەش وەکو ڕێکخراوی كوردستان سبەی هەوڵدەدەین بە ڕێگایەکی زانستی بیگرین و بیگەیەنینە باخچەی ئاژەڵان لە دهۆک، ئەگەر پێیەکەی زیانی گەورەی پێنەگەیشتبوو دواتر ئازادی دەکەین”.

سەرۆكی ڕێكخراوەكە ئەوەشی خستەڕوو، پێشتریش چەندین جار پڵنگ لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ بە كوژراوی بینراوە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە بە زیندوویی ببینرێت.

هاوكات پەیامنێرمان پێی ڕاگەیاندین، لەئێستادا هێزەكانی پۆلیسی دارستان و ژینگە لە ناوچەكەن بەمەبەستی گەڕان بەدوای پڵنگەكە و پاراستنی گیانی هاوڵاتییان.

بابەتی پێشتر

گەنجێك بەتۆمەتی تەقەكردن لە سلێمانی دەستگیركرا

بابەتی دواتر

پێشبینییەکانی ئۆستراداموس بۆ ساڵی 2022

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share