پەرلەمانی كوردستان.. 16 ئەندام داوای بانگێشتكردنی وەزیری ناوخۆ دەكەن

پەرلەمانی کوردستان

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، داوامان کردووە وەزیری ناوخۆ لە دانیشتنێکی پەرلەمان ئامادەبێت و ڕوونکردنەوە بدات لەبارەی دەستگیرکردنی ژمارەیەک ڕۆژنامەنوس و چالاکوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە.

16 ئەندام لە ژمارەیەک فراکسیۆن لە یاداشتنامەیەکدا کە ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی كوردستانیان کردووە، داوای دانیشتنێکی پەرلەمان دەکەن بە ئامادەبوونی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم لەبارەی هۆکارەکانی دەستگیرکردنی ژمارەیەک ڕۆژنامەنوس و چالاکوان لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک.

سەرچنار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی ئەمڕۆ سێشەممە 3ی تشرینی دووەم ڕایگەیاند، یاداشتنامەکەمان داوە بە سەرۆکایەتی پەرلەمان، 16 پەرلەمانتار واژوومان کردووە و داوامان کردووە وەزیری ناوخۆ بێتە پەرلەمان.

وتیشی، “وا بە ئێمە گەیشتووە کە هەندێکیان ئازار و ئەشکەنجە دراون بۆیە دەمانەوێت وەزیری ناوخۆ ڕوونکردنەوەمان بداتێ لەبارەی ئەوەی ئەم کەسانە بەپێی چ یاسایەک دەستگیرکراون و تۆمەتەکانیان چییە و حوکمەکانیان چییە بۆ ئەوەی هەم ئێمە و هەم کەسوکاری دەستگیرکراوەکانیش بەرچاو ڕوونبین”.

دەربارەی ئەوەی کێن ئەوانەی ئەشکەنجە دراون و وەک ئەندامانی پەرلەمان چاویان بە دەستگیرکراوان کەوتووە، سەرچنار ئەحمەد وتی، “ئێمە بە بیستن گوێمان لێبووە کە ئەشکەنجە دراون و پەرلەمانتارانی دەڤەری بادینانیش سەردانیان کردوون، کەسوکاریشیان یاداشتیان داوە بە فراکسیۆنەکان کە تیایدا دەڵێن (فریامان بکەون ژیانمان لەباشیدا نییە و ئەشکەنجە دراوین) و هەندێک لە دەستگیرکراوەکان مواجەهەیان نییە و هەندێکیشیان تائێستا شوێنیان دیارنییە، بۆیە ئێمە لەسەر ئەو بنەمایانە و قسەی کەسوکاریان ئەو یاداشتەمان بەرزکردووەتەوە و هەستیش دەکەین ئەو بابەتە گشتگیرە و ئەوە دەهێنێت دانیشتنێکی پەرلەمانی لەسەر بکرێت”.

ئەوەشی خستەڕوو، “ئێمە یاسای خۆپیشاندانمان هەیە لە پەرلەمان و نابێت کەس دەستگیربکرێت ئەگەر بەپێی یاسایەکی دیکەشە و شتێکی یاسایی هەیە با وەزیر بێت ڕوونکردنەوەمان بداتێ بۆئەوەی ئێمەش بەرچاوڕوونبین بزانین دەستگیرکردنی ئەمانە پاڵپشتییەکی یاسایی هەیە یان نییەتی”.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی ڕوونكردەوە، یاداشتنامەکە بۆ بانگهێشتکردنە نەوەک بۆ پرساندن، بەپێی ماددەی 66 لە پەیڕەوی ناوخۆ 10 پەرلەمانتار دەتوانێت داوای ئامادەبوونی وەزیرێکی تایبەتمەند بە بوارێک بکات کە داوای دانیشتنی لەسەر کراوە.

بابەتی پێشتر

ئەو ویلایەتانەی چارەنووسی دەنگدان لە ئەمریکا یەکلایی دەکەنەوە

بابەتی دواتر

سێبه‌ری كاندیدان بۆ كەسی یەكەمی كۆشكی سپی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share