نوێترین پەرەسەندنی دۆخی كامپی مەخمور دوای هەوڵی تەلبەندكردنی لەلایەن سوپای عێراقەوە

هاوسەرۆکی “ئەنجومەنی گەلی مەخمور” ڕایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبوونەتەوە و تەلبەندکردنی دەوروبەری کامپەکەیان ڕەتکردووەتەوە و ئێستا دۆخەكە ئاساییبووەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە هێزێكی سەر فیرقەی 14ی سوپای عێراق، هەوڵیدا چواردەوری كامپی ئاوارەكانی مەخمور تەلبەندبكات، دانیشتووانی كامپەكە ڕووبەڕووی هێزەكە بوونەوە و ڕێگرییانكرد لەو هەوڵە.

دواتر دانیشتووانی كامپی مەخمور بە ڕێپێوان و خۆپیشاندان بەرەو بازگەی هێزە عێراقییەكان لە ناوچەكە بەڕێكەوتن، یەكێك لە دانیشتووانی كامپەكە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا كرد و وتی، هەوڵێكی لەو جۆرە دووبارە كردنی كامپەكەیە بە زیندان، بۆیە ڕێگە بەو هەوڵە نادەن.

لە نوێترین پەرەسەندنی ڕووداوەكەدا، حاجی کاچان هاوسەرۆكی “ئەنجومەنی گەلی مەخمور” ڕایگەیاند، لەگەڵ هێزەكانی عێراقدا کۆبوونەتەوە و نیگەرانیی دانیشتووانی کامپەکەیان گەیاندووە بە بەرپرسانی عێراق و پێیانڕاگەیاندوون كە بەهیچ شێوەیەک قبوڵیناکەن دەوروبەری کامپەکە تەلبەندبکرێت.

کاچان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا جەختیكردەوە، “ئێمە هیچکات دەستوور و یاساکانی عێراقمان پێشێلنەکردووە و هەمیشە پێیانەوە پابەندبووین، شاندەکەی عێراقیش پێیانوتین کە ئەوان بڕیاری سەربەخۆیان نەداوە، بەڵکو لە بەغدادەوە بڕیار دەرکراوە و هەوڵدەدەین لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبوونەوەتان بۆ ڕێکبخەین”.

هاوسەرۆکی “ئەنجومەنی گەلی مەخمور” وتیشی، “دوای کۆبوونەوەی شاندەکەی کامپی مەخمور لەگەڵ هێزەکانی عێراقدا، ئێستا دۆخی کامپەکە ئاساییبووەتەوە”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share