هاتوچۆی سلێمانى هۆشدارایی دهداته شۆفێرانى ماتۆڕسكیل كه خۆیان لە سەرپێچی بە دوور بگرن، بهپێچهوانهوه لەلایەن مەفرەزەکانی هاتوچۆوە دەستبەسەر ماتۆڕەکەیدا دەگیرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی له ئاگادارییهكدا بۆ شۆفێرانی ماتۆڕسکیل ئاماژهى بهوهكردووه، “ماوەیەکە دیاردەی ڕۆیشتن بە پێچەوانەی شەقام لەلایەن هەندێک لە شۆفێرانی ماتۆڕسکیلەوە بەدیدەکرێت، کە ئەمەش پێچەوانەی یاساکانی هاتوچۆیە و مەترسی دروستبوونی ڕووداوەکانی هاتوچۆ زیاد دەکات.”
هاتوچۆی سلێمانی ئاگاداری شۆفێرانی ماتۆڕسکیل دەکات کە خۆیان لەو جۆرە سەرپێچییە بە دوور بگرن و دهڵێت، “هەر شۆفێرێکی ماتۆڕسکیل ئەم سەرپێچییە ئەنجام بدات لەلایەن مەفرەزەکانی هاتوچۆوە دەستبەسەر ماتۆڕەکەیدا دەگیرێت و ڕەوانەی گەراجی دەست بەسەرداگرتن دەکرێت.”
هاتوچۆی سلێمانى داواكاره هاوڵاتیان لە ئەگەری هەبوونی حاڵەتی لەو شێوەیە پەیوەندی بە ژمارە (188)ی کۆنترۆڵی هاتوچۆی سلێمانییەوە بکەن بەمەبەستی ناردنی مەفرەزە و لێپێچینەوە لە شۆفێرانی.