بەهێزترین چاوی مرۆڤایەتی ئاراستەی بۆشایی ئاسمان دەكرێت

ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکی ئەمڕۆ شەممە تێلسکۆپی گەورەی جەیمس وێب ‏ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان دەکات، کە ماوەی نزیکەی 20 ساڵە پلانی بۆدادەنرێت، زانایان ‏ئەمڕۆ بە ڕۆژێکی مێژوویی لە بواری زانستدا دادەنێن. ‏

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، تێلسکۆپی جەیمس وێب دەتوانێت مرۆڤایەتی ئاشنابکات ‏بە سەرەتاکانی گەردوون و دروستبوونی گەلەئەستێرە سەرەتاییەکان لەگەردووندا. ‏

بڕیارە وێب ئەمڕۆ كاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ بە كاتی ئەوروپا لە بنكەی کۆرۆ لە ئاژانسی ‏ئاسمانیی ئەوروپاوە لە “گوایانا”ی فەرەنسیەوە بەرەو بۆشایی ئاسمان ڕەوانە بكرێت.‏

جەیمس وێب ماوەی نزیکەی 20 ساڵە پلانی بۆ دادەنرێت و زیاتر لە 10 ملیار دۆلاری ‏لەلایەن ئاژانسی ناسا، ئاژانسی ئاسمانیی کەنەدا و ئاژانسی ئاسمانیی ئەوروپاوە تێدا ‏خەرجکراوە.‏

جەیمس وێب شوێنی هابڵ دەگرێتەوە، ئاژانسی ناسا ئاشکرایکردووە، لە دەیەی داهاتوودا ‏تێلسکۆپەکە دەبێتە تەنها سەرچاوەی زانستیی بۆشایی ئاسمان.‏

جەیمس وێب توانای هەستیاریی بۆ لەرەلەر و وەرگرتنی زانیارییەکان 100 هێندەی ‏تێلسکۆپی هابڵە، هەروەها خولگەكەی لە دووریی 1.5 ملیۆن كیلۆمەتر لە دووری ‏زەوییەوە دەبێت.‏

جەیمس وێب مرۆڤایەتی دەباتەوە بۆ سەرەتاكانی دروستبوونی گەردوون و ڕووداوەكانی ‏‏100 بۆ 200 ساڵی دوای تەقینەوە گەورەکە “بیگ بانگ”مان بۆ ئاشكرادەكات، دەتوانێت ‏چۆنیەتیی دروستبوونی كۆمەڵەی خۆر بە ووردی ئاشكرابكات، لە ئەگەری بوونی ‏هەسارەی هاوشێوەی زەوی دەكۆڵێتەوە.‏

‏ سەرۆکی ئاژانسی ناسا دەڵێت، “جەیمس وێب دەتوانێت بە زانیارییەکانی بیركردنەوەمان  ‏سەبارەت بە گەردوون بگۆڕێت”.‏

پێکهاتەی کەشتییەکە:‏

پێکهاتەی کەشتییەکە لە 18 ئاوێنە بەتیرەی 6.5 بۆ هەریەكەیان کە لە كانزای (بێرلیۆم و ‏زێڕ) دروستکراون، پێكهاتووە، هۆکاری دروستکردنی ئاوێنەكان لەو کانزایانە بۆئەوە ‏دەگەڕێتەوە بۆشایی ئاسمان بڕێكی زۆر لەو تەنۆلكە ووزە ئاستبەرزانەی تێدایە، كە لە ‏خۆرەوە دەردەچن، بۆیە دەبێت لە کانزایەک دروستبكرێت كە توانای بەرگەگرتن و ‏بەردەوامیی بەرامبەر ئەو ووزانە هەبێت.‏

كێشی جەیمس وێب 12 هەزار و 264 کیلۆگرامە و درێژیی باڵەكانی 12.22 مەترە.‏

زانایانی ناسا باس لەوە دەکەن، یەکێک لەلایەنە نەرێنییەکانی تێلسکۆپەکە ئەوەیە لەكاتی ‏هەڵدانی بۆ ئاسمان و دواتریش، لەئەگەری بوونی هەر كێشەیەک، توانای چاککردنەوەی ‏نییە و دەکرێت ببێتە هۆی لەناوچوونی هەموو هیوا و هەوڵەکانی زانایان.‏

سێڵفییەک لەگەڵ تێلسکۆپی جەیمس وێب

بابەتی پێشتر

سێ یانە ڕكابەری لەسەر هالاند دەكەن

بابەتی دواتر

ئاسمانی هەرێم ساماڵ دەبێت و پلەكانی گەرما دادەبەزن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share