تورکیا.. دۆسیەی سوتاندنی سێ گەنجی سوری هەڵایەکی بەرفراوان دەنێتەوە

ڕووداوی سوتاندنی سێ گەنجی پەنابەری سوری لە پارێزگای ئیزمیری تورکیا لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووەوە کە بەشێک لەڕووداوەکە لەلایەن میدیاکانەوە ئاشکراکرا، سیاسییەکانی ئەو وڵاتەی بەرەو جوڵاندنی ژمارەیەک پرسیار لە وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەیان ئاراستەکردووە کە هەوڵدەدەن وەڵامەکەیان دەستکەوێت و وەزارەتی ناوخۆش تائێستا بێدەنگە.

چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا و پارێزەرانی سوریا ڕایانگەیاندووە، ئەو پرسیارانەی سەبارەت بە ڕووداوی سوتانی ئەو سێ گەنجە سورییە ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کراوە بێوەڵامن و هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن وەزارەتەکەوە نەدراوە لەوبارەیەوە.

ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی نزیک لە حکومەتی تورکیا ئەمڕۆ هەینی بەشێک لە زانیارییەکانی لەبارەی ڕووداوەکە بڵاوکردەوە و ئاشکرایکردووە، ڕووداوەکە لە گۆزال باهشەی پارێزگای ئیزمیر ڕوویداوە.

بەپێی ڕۆژنامە تورکییەکە ئەو سێ گەنجەی سوتێنراون بەناوەکانی، مەئمون نەبەهان تەمەن 23 ساڵ، ئەحمەد عەلی 21 ساڵ و محەمەد ئەلبەش تەمەن 17 ساڵ بوون، تاوانەکە نوێ نییە و بەپێی ڕۆژنامەکە دەگەڕێتەوە بۆ 16ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، بەڵام ئاشکرابوونی تاوانەکە دەگەڕێتەوە بۆ چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا.

ڕۆژنامەکە لەبارەی ڕووداوەکە دەڵێت، لایەنە ئەمنییەکان سەرجەم کامێراکانی ناوچەی رووداوەکەیان پشکنیوە و کەسێک بە گومانی ئەنجامدانی ئەو تاوانە لە کامێراکاندا دەرکەوتووە بەناوی (ک. ک) کە لە 29ی مانگی ڕابردوودا دەستگیرکراوە.

لەبارەی وردەکاریی ڕووداوەکەوە (ک. ک) کە دانیناوە بەئەنجامدانی تاوانەکەدا دەڵێت، دەبە بەنزینەکانی هەڵگرتووە و بردوویەتی بۆ ئەو شوێنەی ئەو سێ گەنجە سورییەی تێدا ژیاوە، “من دەمویست ئەوان بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان پێشتریش خاوەنی کارەکەیانم ئاگادارکردبووەوە کە کاریان پێنەدات”.

وتویوتی، “دوای ئەوەی بەنزینەکەم کرد بە شوێنی مانەوەیاندا بەرلەوەی ئەوان بتوانن لەماڵەکەیان بێنەدەرەوە من بە پارچە پەڕۆیەک ئاگرەکەم کردەوە و خستمە ماڵەکەیانەوە”.

ئەو سێ گەنجە سورییە ماوەی شەش ساڵە لەوناوچەیە دەمێننەوە و لە کارگەیەکی دروستکردنی بەردی شەقام و شۆستەکان کاریان کردووە.

تەها غازی چالاکوانێکی مافەکانی مرۆڤ لەبارەی تاوانەکەوە دەڵێت، ئەوەی تائێستا بەدواداچوون و لیکۆڵینەوەکان پێیگەیشتوون هۆکاری ڕووداوەکە تەنها پاڵنەری ڕەگەزپەرستی بووە.

جەختیشیکردووەتەوە کە هیچ کێشە و ناکۆکییەک لەنێوان تۆمەتبار و قوربانییەکاندا نەبووە ئەوەی پاڵنەری ڕووداوەکەبووە لایەنی ڕەگەزپەرستی بووە.

بەڵام پارێزەری تۆمەتبارەکە دەڵێت، “بریگرتەکەی تەندروستیی دەروونیی باشنییە و داوادەکەم بگوێزرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی دەروونی”.

لەوبارەیەوە هەریەکە لە پارتی دیموکراتی گەلان، پارتی گەلی کۆماری و پارتی دیموکراتی پێشکەوتنی تورکیا ژمارەیەک پرسیاریان ئاراستەی سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا کردووە.

لەنێو پرسیارەکاندا هاتووە، بۆچی لێکۆڵینەوەی جددی و خێرا لەبارەی ئەنجامدانی تاوانەکەوە ئەنجامنادرێت؟ تۆمەتبارەکە پێشتر هیچ تاوانێکی تۆمارکراوی دیکەی هەیە؟ ئایا لێکۆڵینەوە لەبارەی سوتاندنی ئەو سێ سورییە دەستیپێکردووە؟ لێکۆڵینەوەکان گەیشتوونەتە چ قۆناغێ؟ ئایا لە 16ی تشرینی دووەمەوە تۆمەتبارەکە ڕاگیراوە؟.

هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی تورکیا تاوانەکە بە “تاوانێکی ڕەگەزپەرستی” ناودەبات و داوای لێکۆڵینەوەی خێرا و سزادانی ئەنجامدەرەکانی دەکات.

بابەتی پێشتر

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کریستیانەکان: پشتیوانی و پشتگیریی پاراستنی مافەکانتان دەکەین

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح: جەخت لە پاراستنی فەرهەنگی ‏پێکەوەژیانی ئایینەکان دەکەمەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share