بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو تۆمەتبارانەی هەڵیانکوتایە سەر خوێندنگایەک و لێدانی خوێندکارێک و باوکی بڵاوکردەوە و ڕەتیدەکاتەوە ئازادکرابن و دەڵێت، بەپێی یاسای سەربازی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و سزادەدرێن.
بەپێی ڕوونکردنەوەکەی ئاسایشی سلێمانی، ئەو تۆمەتبارانە دوای ئەوەی لەلایەن هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیركران، پاش ڕاگرتنیان بەپێی ماددەی 413 لە یاسای سزادان و دواتر لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەربەبارمتەی یاسایی ئازادكران.
ئاسایشی سلێمانی ئاماژە بۆئەوە دەکات، لەبەرئەوەی تۆمەتباران سەربازن و بەجل و بەرگ و چەكی سەربازییەوە هەستاون بە هەڵكوتانە سەر خوێندنگەیەك و لێدانی خویندكارێك و باوكی خوێندكارەكە، لە ئێستادا ئەو تۆمەتبارانە لەسەر فەرمانی ئەنجومەنی لێكۆلینەوەی وەزارەتی پێشمەرگە / فەرماندەیی هێزەكانی (70 ) لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی بەڕاگیراوی ماونەتەوە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، ئەو تۆمەتبارانە ڕادەستی یەكەی سەربازی هێزەكانی (70) دەکرێن بەمەبەستی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە و سزادانیان بە پێی یاسای سەربازی، تاوەکو هیچ کەسێک ناوی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكان بۆ مەرامی تایبەتی خۆی بەكارنەهێنێت.