زانكۆی سلێمانی هەڵمەتێكی نەمام چاندن ئەنجامدەدات

لەژێر ناوی (باوەشێكی سەوز بۆ زانكۆ) هەڵمەتێكی چاندنی نەمام لە چواردەوری كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی لەلایەن خوێندكارانی قۆناغی یەكەمی سەرجەم كۆلێژەكانەوە بەڕێوەچوو.

هەڵمەتەكە لە چێوەی پێواژۆی بۆڵۆنیا دایە كە هەموو ساڵێك خوێندكارانی قۆناغی یەكەمی سەرجەم كۆلێجەكانی زانكۆ تێیدا فێری كاری خۆبەخشی و ژینگەدۆستی دەكرێن.

د. ڕێژین هارون، لێپرسراوی پێواژۆی بۆڵۆنیا لە زانكۆی سلێمانی ڕایگەیاند، “لە چێوەی پێواژۆی بۆڵۆنیادا، ماوەی چەند ساڵێكە وانەیەكمان هەیە بەناوی ژینگەی كاری زانكۆیی، كە هەموو ساڵێك خوێندكارانی قۆناغی یەكەم دێن، لەو وانەیە هەفتەیەكیان باسی كاری خۆبەخشی و كەلتووری پەیوەستبوون بە ژینگەوە دەكات، كە هەم فێری كاری خۆبەخشی دەكرێن، هەم فێری ژینگەدۆستی دەكرێن، لەبەرئەوەی لیژنەیەكی باڵا لەسەر ئاستی زانكۆی سلێمانی بۆ ئەو مەبەستە دروستكراوە، ئەو لیژنەیە هەڵدەستێت بە دابینكردن و كارئاسانی بۆ ئەو پرۆسەیە و ماوەی هەفتەیەك دەخایەنێت”.

سایتی زانكۆی سلێمانی لە زاری ئەو مامۆستایەوە وتیشی، “بۆ جێبەجێكردنی پرۆسەكە بە پراكتیكی لەلایەن زانكۆوە ئەو شوێنانەی كە هەن و پێویستیان بە سەوزكردن هەیە دەكرێنە ئامانج”.

ئەم پرۆسەیە لە ساڵی 2019ەوە دەستیپێكردووە و سێیەمین جارە ئەم هەڵمەتە بەڕێوەدەچێت. د. ڕێژین هارون ئاماژەی بەوەكرد، هەڵمەتی ئەمساڵ ناونراوە “باوەشێكی سەوز بۆ زانكۆ”، ئەمەش لەبەرئەوەی ویستمان پشتێنەیەك “پەرژینێك” لە درەخت لە پشتەوەی كەمپی زانكۆ دروستبكەین، هەم بۆ دامەزراندنی پشتێنەیەكی سەوز بۆ زانكۆ هەم بۆ بابەتی كەمكردنەوەی ڕەشەبا.

لە هەڵمەتەكەدا دەیان نەمام لەلایەن خوێندكارانی قۆناغی یەكەمی سەرجەم كۆلێژەكانی زانكۆی سلێمانی-یەوە چاندران، كە تێیدا پشتێنەیەكی سەوز بەدەوری كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی دروستكرا.

بابەتی پێشتر

پەرلەمانی کوردستان پرسی داهاتەکانی هەرێم تاوتوێدەکات

بابەتی دواتر

سلێمانی.. سێ کەس بەتۆمەتی سوکایەتیکردن بە مێردمنداڵێک دەستگیرکران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share