نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا لە هەڵەبجە توانای وەرگرتنی نەخۆشیی تریان نییە

وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی تەندروستیی هەڵەبجە ڕایگەیاند، نەخۆشخانەکانی تایبەت بە چارەسەری کۆرۆنا توانای وەرگرتنی نەخۆشیی دیکەیان نییە و قاوشەکان پڕبوون.

دکتۆر شاناز نەقشبەندی، وتەبێژی تەندروستیی هەڵەبجە ئەمڕۆ 1ی تشڕینی دووەم لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “قاوشەکانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی وەفا و نەخۆشخانەی چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی توانای وەرگرتنی نەخۆشیان نەماوە و باری تەندروستی سەرجەم نەخۆشەکان ناجێگیرە و سەرجەمییان لە ژێر ئۆکسجین و چاودێری وردی پزیشک دان”.

وتەبێژی تەندروستیی هەڵەبجە ئاشکرایکردووە، “لە ئێستادا توانای کەرتی تەندروستی سنوردارە و بە ھیچ شێوەیەک توانای کردنەوەی قاوشی زیاترمان نیە بەھۆی کێشەی کەمی پزیشک و کارمەندی تەندروستی و پێداویستی پزیشکی و دەرمان و چارەسەرەکان”.

تەندروستیی هەڵەبجە داوای لە هاوڵاتیانی پارێزگاکە کردووە ڕێنماییەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن و هاوکاریان بن لە تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سەختە کە پارێزگاکەی گرتووە.

لەکۆی گشتی 5729 پشکنین له‌ سنوری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید 2529 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و 2301 حاڵەتی چاکبوونەوە تۆمار کراوە و 91 حاڵه‌تی گیان له‌ده‌ستدان هه‌بووه‌، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا زیاد لە 50 حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەبووە ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر بەرزترە بەراورد بە مانگەکانی ڕابردوو.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share