ئەمریكا لە بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران نیگەرانە

جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکانی ‏ئێران بە هەڕەشە و مەترسی بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ناودەبات، داوادەکات وەک ‏هەڕەشە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ‏

جۆن کێربی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێران بەردەوامە لە پەرەپێدانی ‏مووشەکە بالیستییەکانی، ئەوەش ئەمریکای نیگەران کردووە، بۆیە داوایکرد وەک ‏مەترسی و هەڕەشەیەک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.‏

باسكردن لە بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران و وەسفكردنی وەك هەڕەشە لەلایەن ‏ئەمریكاوە، لەكاتێكدایە كە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ساڵانێكە بووەتە جێتەنگژەی نێوان ‏تاران و واشنتن و وڵاتانی خۆرائاوە، سەرەڕای ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی 2015ش، بەڵام ‏دواتر كشانەوەی ئەمریكا، هەوڵەكانی هێنایەوە خاڵی سەرەتا.‏

لەگەڵ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە ‏دەستیپێكردووەتەوە، بەڵام هێشتا ئێران و وڵاتانی بەشدار لە ڕێككەوتنەكە لەزۆر بابەتدا ‏ناكۆكن و نەگەیشتوون بە جۆرێك لە ڕێككەوتن.‏

لەماوەی ڕابردوودا واشنتن باسی لەوەکرد، کە ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ‏ڕێککەوتن و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران سەرکەوتوو نەبێت، بژاردەی ‏دیکەیان لەبەردەستدایە. ‏

لەو چێوەیەشدا کینیس ماکێنزی فەرماندەی هێزی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ‏چەند بژاردەیەکی هەمەلایەنەی سەربازیی بەهێزی لەبەردەستدایە بۆئەوەی دژی ئێران ‏بەکاریانبهێنێت.‏

ئێسرائیلیش زیاتر لە ئەمریكا جەخت لە هەوڵی جددی بۆ پەكخستنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ‏ئێران دەكاتەوە.‏

بابەتی پێشتر

دایكێك و سێ منداڵی خەڵکی دەربەندیخان لە قوربانییانی بەلەمە نوقمبووەكەی فەرەنسان

بابەتی دواتر

فیلمی سینەمایی "بێنیشتمان" و دەرهێنەرەكەی لە چین خەڵاتكران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share