بەغداد دووبارە ناردنی بەنزینی بۆ هەرێمی كوردستان و سلێمانی ڕاگرت و سامانە سروشتییەکانی هەرێم بەڵێنی پڕکردنەوەی داوە.
بەهمەن شێخ قادر وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، دووبارە بەغداد ناردنی بەنزینە 690 دینارییەكەی ڕاگرتووە، پێدەچێت هۆكارەكە پەیوەندیی بە بەغداد خۆیەوە هەبێت و كێشەی تەكنیكی، یان كەمی بڕی بەنزین بێت لە ناوەند.
پێشتر بڕیاربوو بەغداد ڕۆژانە یەك ملیۆن لیتر بەنزین ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكات، بەڵام نزیكەی نیوەی ئەو بڕەی دەنارد كە ڕێككەوتن كرابوو لەسەری، کە بە وتەی بەهمەن شێخ قادر “ئەو نیوەیەش بەی بێكەموكورتی نەدەهات”.
وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ئاشکرایکرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەڵێنی ناردنی ئەو بڕە بەنزینەی بەهەمان نرخ داوە، ئەو وێستگانەش دیاریکراون کە بەنزینەکەیان بۆ دەنێردرێت، بەڵام تائێستا هیچ بڕە بەنزینێک لە سامانە سروشتییەکانەوە نەهاتووە.
هیواشی خواست سامانە سروشتییەکان ئەو بڕەیان بۆ پڕبکاتەوە، چونکە نرخەکەی گونجاوە و سوودی بۆ هاوڵاتییان زۆرە.