ژمارەی ئەو دەرچووانەی پۆلی 12 كە لەڕێی سیستمی زانكۆلاین فۆڕمیان پڕكردووەتەوە 54 هەزار و 296 خوێندكار بوون، لەو ڕێژەیەش 47 هەزار و 178 خوێندكار وەرگیراون كە دەكاتە ڕێژەی 87%ی كۆی گشتیی ئەو كەسانەی فۆڕمیان پڕكردووەتەوە.
خەتاب ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوونی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجامەکەی ڕاگەیاند و وتی، “لە مێژووی حكومەتی هەرێم بۆ یەكەمجارە كە ڕێژەی وەرگرتنی خوێندكار بەوجۆرە بەرزبكرێتەوە كە 56 هەزار و 804 كورسی لە پلانی وەرگرتن دابینكراوە”.
سەبارەت بە ئاماری وەرگرتنی خوێندكاران خەتاب ئەحمەد ڕایگەیاند، “54 هەزار و 296 دەرچووی ئەمساڵی پۆلی 12 فۆڕمی زانكۆلاینیان پڕكردووەتەوە و 87%یان وەرگیراون كە ژمارەیان 47 هەزار و 178 خوێندكارن”.
بەڕێوبەرەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەشی خستەڕوو، “ژمارەی ئەو خوێندكارانەی وەرنەگیراون 7 هەزار و 118 دەرچوون، كە ڕێژەی 13%ی كۆی ژمارەی پێشكەشكارانە”.
لەبارەی ژمارەی ئەو دەرچووانەی لە زانكۆ و پەیمانگا حكومییەكان ناویان هاتووەتەوە، خەتاب ئەحمەد ئاشكرایكرد، “65%ی پێشكەشكاران لە زانكۆ حكومییەكان (خۆڕایی) وەرگیراون، 17%یشیان لە پارەلێڵ و 18%ی دیكەشیان لە خوێندنی ئێواران وەرگیراون”.
بەرپرسەكەی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشكرد، دەرفەت ماوە بۆ ئەو خوێندكارانەی كە وەرنەگیراون چونكە 8 هەزار و 119 كورسیی بەتاڵ ماونەتەوە كە ڕێژەكەیان لەو ژمارە خوێندكارە زیاترە كە وەرنەگیراون.
كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی خوێندنی باڵای هەرێم..